پەیامنێرانی بێسنوور: ئازادیی رۆژنامەڤانی لە جیهاندا گەیشتووەتە نزمترین ئاستی 25 ساڵی رابردوو
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی پێوەری رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور (RSF) بۆ ساڵی 2026، رەوشی ئازادیی کاری رۆژنامەڤانی لە سەرانسەری جیهان بە قۆناخێکی مەترسیداردا تێدەپەڕێ و دۆخەکە گەیشتووەتە خراپترین ئاستی 25 ساڵی رابردوو.
رێکخراوەکە هەڵسەنگاندنی بۆ 180 وڵات کردووە.
لە زیاتر لە 70%ـی وڵاتانی جیهاندا، کاری رۆژنامەڤانی بەتەواوی قورس بووە و رۆژنامەڤانان رووبەڕووی گوشار و هەڕەشە دەبنەوە.
ئەم ساڵ ژمارەیەکی پێوانەیی لە رۆژنامەڤانان دەستگیرکراون، کوژراون یان بێسەروشوێن کراون، لەوانەش لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
عێراق
7 پلە چووەتە دواوە. لە ساڵی 2025 لە پلەی 155ـدا بووە، ئەم ساڵ 162یەمینە.
راپۆرتەکە دەڵێ، عێراق هێشتا یەکێکە لە مەترسیدارترین وڵاتان بۆ رۆژنامەڤانان و "رۆژنامەڤانان رووبەڕووی هەڕەشەی گرووپە چەکدارەکان و دەسەڵاتداران دەبنەوە و زۆرجار بکوژانی رۆژنامەڤانان سزا نادرێن".
ئێران
پلەیەک چوووەتە دواوە و ئەم ساڵ پلەی 177ی گرتووە.
راپۆرتەکە باس لەوە دەکات، ئێران یەکێکە لە "گەورەترین زیندانەکانی جیهان" بۆ رۆژنامەڤانان و "بەردەوامە لە سەرکوتکردنی تووندی" هەر دەنگێکی جیاواز و "سانسۆرێکی زۆر تووندی" خستووەتە سەر ئینتەرنێت و میدیاکان.
سووریا
لە دوای نەمانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و دەستبەکاربوونی حکومەتی راگوزەر، سووریا 36 پلە لە ریزبەندییەکەدا سەرکەوتووە و لە پلەی 177 لە 2025ـەوە بەرزبووەتەوە بۆ 141.
بەڵام هێشتاش راپۆرتەکە دەڵێت، بەهۆی ساڵانێکی زۆر لە شەڕ و دەسەڵاتی تووندی ئەسەد، سووریا لە دۆخێکی خراپدایە. رۆژنامەڤانان تێیدا رووبەڕووی کوشتن، رفاندن و زیندانیکردن دەبنەوە.
تورکیا
4 پلە پاشەکشەی کردووە و ئێستا ریزی 163یەمینی گرتووە.
پەیامنێرانی بێسنوور دەڵێ، سەرەڕای ئەوەی تورکیا خۆی بە وڵاتێکی دیموکراسی پۆلێن دەکات، بەڵام دەسەڵاتداران بەردەوامن لە دەستگیرکردنی رۆژنامەڤانان و داخستنی ئەو میدیایانەی رەخنەیان لێدەگرن، بەتایبەتی بە یاساکانی "دژە تیرۆر."
10 باشترین وڵات بۆ ئازادیی رۆژنامەڤانی:
(زۆربەی ئەم وڵاتانە دەکەونە ئەورووپا، بەتایبەتی باکووری کیشوەرەکە)
1- نەرویج (لە پلەی یەکەمە و باشترینە)
2- دانیمارک
3- سوێد
4- هۆڵەندا
5- فینلاند
6- ئیستۆنیا
7- پۆرتوگال
8- ئایرلاند
9- سویسرا
10- ئەڵمانیا
10 خراپترین وڵات بۆ ئازادیی رۆژنامەڤانی:
(ئەم وڵاتانە لە خواری خوارەوەی ریزبەندی 180 وڵاتەکەدان و مەترسیدارترینن)
171- میانمار
172- چین
173- بەحرێن
174- ڤێتنام
175- تورکمەنستان
176- ئێران
177- سووریا
178- ئەفغانستان
179- ئەریتریا
180- کۆریای باکوور (لە پلەی کۆتاییدایە و خراپترینە لە جیهاندا)