ترەمپ بۆ کۆنگرێس: شەڕی ئێران لە 7ی نیسانەوە کۆتایی هاتووە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئیدارەی ترەمپ و کۆنگرێس لەسەر شەڕی ئێران کەوتوونەتە کێشمەکێشی یاسایی. ترەمپ بە کۆنگرێسی راگەیاند، شەڕی ئێران لە 7ی نیسانەوە کۆتایی هاتووە.
 
بەگوێرەی یاسای ئەمریکا، 60 رۆژ دوای راگەیاندنی جەنگ لەلایەن سەرۆکەوە، چیدیکە ناتوانێت بەردەوامی بە جەنگەکە بدات ئەگەر کۆنگرێس گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵنەکات.
 
ئەمریکا لەگەڵ ئیسرائیل، لە 28ی شوبات جەنگی دژی ئێران دەستی پێکرد.
 
ئەمڕۆ هەینی 1ی ئایار، 60 رۆژ بەسەر دەستپێکردنی جەنگەکەدا تێپەڕی و کۆنگرێسیش ئامادە نییە وادەی بەکارهێنانی دەسەڵاتی جەنگ بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا درێژبکاتەوە.
 
بەڵام ترەمپ نامەیەکی بۆ کۆنگرێس ناردووە و تێیدا باسی لەوە کردووە، لە 7ی نیسانەوە ئاگربەست راگەیێندراوە و لەو کاتەوە شەڕ و پێکدادانی نێوان ئەمریکا و ئێران وەستاوە، بۆیە هیچ جەنگێک لە ئارادا نییە تاوەکو پێویستی بە رەزامەندیی کۆنگرێس بێت. ترەمپ دەڵێت، لە رۆژی ئاگربەستەکەوە، کاژێری ژماردنی رۆژەکانی دەسەڵاتی جەنگ وەستاوە.
 
ئەم پەیامە واتای ئەوەیە، ئەو جەنگە کۆتایی هاتووە و لە داهاتوودا هەر هێرشێکی دیکەی سەربازی بکرێتە سەر ئێران، وەک جەنگێکی نوێ هەژمار دەکرێ و ئیدارەی ترەمپ 60 رۆژی دیکەی لەبەردەستدا دەبێت.
 
بەڵام کۆنگرێس یان زۆربەی دیموکراتەکان، بەو پاساوە رازی نیین، چونکە هێزەکانی ئەمریکا هێشتا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستن و بەردەوامن لە سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر هەناردەی نەوتی ئێراندا.
 
رەخنەگرانی نێو کۆنگرێس - بەتایبەتی دیموکراتەکان کە ژمارەیەکی کەم لە کۆمارییەکانیشیان چوونەتە پاڵ - پێیان وایە جەنگەکە بەتەواوی کۆتایی نەهاتووە و بەردەوامبوونی گەمارۆکە بە واتای بەردەوامیی کردە سەربازییەکان دێت، بۆیە بۆ ئەوەی لە دوای ئەم 60 رۆژەوە گەمارۆکە بەردەوام بێت، پێویستە ئیدارەی ترەمپ گڵۆپی سەوزی کۆنگرێس بەدەست بێنێت. 
 
رۆژی 28ـی شوبات، دوای چەندین هەفتە لە کۆکردنەوەی هێز لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لەنێویاندا جێگیرکردنی چەندین کەشتیی فڕۆکەهەڵگر و هێزی ئاسمانیی پێشکەوتوو، شەڕەکە بە هێرشی ئاسمانیی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد.
 
بەپێی بڕیارنامەی ساڵی 193ی دەسەڵاتەکانی جەنگ، دەبێت سەرۆک لە 48 کاژێردا دوای بەکارهێنانی هێز کۆنگرێس ئاگادار بکاتەوە و لە 60 رۆژیشدا رەزامەندیی لێ وەربگرێت، یانیش هێزەکانی بکێشێتەوە و جەنگ بوەستێنێت.
 
ئەو وادە 60 رۆژەیە لە 1ـی ئایار کۆتایی هات، ئەمەش ئیدارەی ئەمریکای خستووەتە ژێر چاودێرییەکی تووندی یاساییەوە.
 
سەرەڕای ئاگربەستەکە، گرژییەکان هێشتا لە ئاستێکی بەرزدان. لە سێ هەفتەی درێژکردنەوەی ئاگربەستەکەدا چەندین رووداوی پچڕپچڕ هەبوون، لەوانە هێرشی درۆنی و سەرهەڵدانی گرژی لە ناوچەکە لە نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا. 
 
قووڵبوونەوەی ناکۆکییە سیاسییەکان
 
شەڕەکە ناکۆکییە سیاسییەکانی لە واشنتن قووڵتر کردووەتەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی چەندین هەوڵی کۆنگرێس بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆک بەهۆی ناکۆکییە حیزبییەکانەوە بە جیاوازییەکی کەم شکستیان هێنا.
 
یاسادانەران نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە لە نەبوونی ستراتیژییەکی روون بۆ دەرچوون لەم شەڕە، بەرزبوونەوەی زیانە گیانی و ئابوورییەکان، هەروەها ئەو پێشینەیەی کە بۆ دەسەڵاتەکانی سەرۆک لە کاتی شەڕدا دروستدەبێت.
 
لە هەمان کاتدا، بێزاریی خەڵک لە ململانێ درێژخایەنەکانی دەرەوە و بەرزبوونەوەی گوشارە ئابوورییەکان - لەنێویاندا تێکچوونی بازاڕی وزە - خەریکە ئاراستەی گفتوگۆ نێوخۆییەکان سەبارەت بە رۆڵی سەربازیی ئەمریکا دەگۆڕن.
 
ئاسۆی نادیاری داهاتوو
 
لە کاتێکدا کۆشکی سپی سوورە لەسەر ئەوەی شەڕەکە کۆتایی هاتووە، بەرپرسان ئەگەری دەستپێکردنەوەی کردەوە سەربازییەکانیان رەتنەکردووەتەوە، دانوستاندنەکانیش لەگەڵ ئێران هێشتا چەقیانبەستووە.
 
ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە کە "هەموو بژاردەکان" لەسەر مێزن، لەنێویاندا هێرشی زیاتر، هاوکات رایگەیاند، بە پێشنیازی ئەم دواییەی ئێران رازی نییە.