ژاپۆن دەیەوێت درۆنی لە کارتۆن دروستکراو بکڕێت کە هەرزانن و رادار نایانبینێت

رووداو دیجیتاڵ
 
کاتێک باسی درۆن دەکرێت، یەکسەر بیر لە تەنێکی ئاسنینی فڕیو و تەکنەلۆجیای ئاڵۆز دەکەینەوە، بەڵام ئێستا وەزارەتی بەرگریی ژاپۆن سەرقاڵی تاقیکردنەوەی جۆرێکی دیکەی درۆنە کە لە کارتۆن دروستکراوە.
 
ئەم درۆنە ناوی (Corvo PPDS)ـە و کۆمپانیایەکی ئوسترالی دروستی دەکات. سەرەتا لە شەڕی نێوان ئۆکراینا و رووسیادا ناوبانگی دەرکرد، کاتێک ئۆکراینییەکان بە سەرکەوتوویی وەک چەکێکی کوشندە دژی رووسیا بەکاریانهێنا.
 
بۆچی درۆنی کارتۆنی هێندە گرنگە؟
 
ئەم درۆنە چەندین تایبەتمەندیی هەیە:
 
- زۆر هەرزانە: نرخی هەر یەکێکیان تەنیا چەند هەزار دۆلارێکە، کە بۆ چەکی سەربازی زۆر زۆر هەرزانە.
 
- رادار نایبینێت: لەبەرئەوەی لە کارتۆن دروستکراوە نەک کانزا، رادارەکان بە زەحمەت دەتوانن بیبینن و ئاشکرای بکەن، بۆیە بە ئاسانی دەگاتە ئامانجەکەی.
 
- گواستنەوەی ئاسانە: سەربازەکان دەتوانن بە ئاسانی لەنێو جانتادا هەڵیبگرن و لە چەند خولەکێکدا پێکەوەییببەستن و هەڵیبدەن.
 
- ئاو تێکی نادات: راستە لە کارتۆنە، بەڵام بە ماددەیەکی تایبەتی دژەئاو رووپۆش کراوە کە وا دەکات لە باران و بەفریشدا تێکنەچێت و نەخوسێت.
 
ژاپۆن بۆچی ئەم درۆنەی دەوێت؟
 
سوپای ژاپۆن دەتوانێت بۆ دوو مەبەست بەکاریبهێنێت:
 
1- کاری گواستنەوە: بۆ گەیاندنی دەرمان، تەقەمەنی و خواردن بۆ ئەو سەربازانەی لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕن یان لە شوێنی سەختدان.
 
2- وەک چەک: دەتوانرێت تەقەمەنیی پێوە بکرێت و وەک درۆنی بۆمبڕێژکراو خۆی بە ئامانجەکانی دوژمندا بتەقێنێتەوە.
 
ژاپۆن دەیەوێت بە پارەیەکی کەم، سوپاکەی بە چەکێکی زۆر سادە، بەڵام کاریگەر پڕچەک بکات، کە دەتوانێت بێ ئەوەی ئاشکرا ببێت، گورزی گەورە لە دوژمن بدات.