بەهۆی شەڕی ئێرانەوە ترەمپ بیر لە کەمکردنەوەی هێزەکانی لە ئیتاڵیا و ئیسپانیا دەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
رۆژی پێنجشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لەبەر ئەوەی ئیتاڵیا و ئیسپانیا دژی شەڕی ئێرانن، رەنگە هێزەکانی ئەمریکا لەو دوو وڵاتە ئەورووپییە بکێشێنێتەوە، ئەمەش رۆژێک دوای ئەوە دێت کە پێشنیازێکی هاوشێوەی بۆ کەمکردنەوەی هێزە ئەمریکییەکانی لە ئەڵمانیا خستەڕوو.
 
لەنێو نووسینگەی هێلکەیی، کە شوێنی کارکردنی سەرۆکە، کاتێک رۆژنامەڤانان پرسیاری ئەوەیان لە ترەمپ کرد کە ئایا بیر لە کەمکردنەوەی ژمارەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئیسپانیا و ئیتالیاش دەکاتەوە، لە وەڵامدا گوتی: "بەڵێ، لەوانەیە، لەوانەیە ئەو کارە بکەم. بۆچی نەیکەم؟ ئیتالیا هیچ یارمەتیدەرمان نەبووە و ئیسپانیاش زۆر خراپ بووە، بەتەواوی خراپ بووە."
 
رۆژی چوارشەممە، ترەمپ رایگەیاندبوو، واشنتن "سەرقاڵی لێکۆڵینەوە و پێداچوونەوەیە بە ئەگەری کەمکردنەوەی" هێزەکانی ئەمریکا لە ئەڵمانیا، و گوتیشی لە "ماوەیەکی کورتدا" بڕیاری لەسەر دەدات.
 
تاوەکو 31ـی کانوونی یەکەمی 2025، ژمارەی سەربازە چالاکەکانی ئەمریکا لە ئیتالیا 12 هەزار و 662 سەرباز و لە ئیسپانیا 3 هەزار و 814 سەرباز بووە. هەروەها لە ئەڵمانیاش 36 هەزار و 436 سەربازیان هەبووە.
 
سەرۆکی ئەمریکا بەتووندی رەخنەی لە وڵاتانی هاوپەیمانی ناتۆ گرتووە، بەهۆی ئەوەی هاوکارییان نەکردوون لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، یان هاوکار نەبوون لە کردنەوەی تەنگەی هورمز بۆ هاتووچۆی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان.
 
سەرەتای ئەم مانگەش، لە هێرشێکی چاوەڕواننەکراودا بۆ سەر هاوپەیمانە راستڕۆ نزیکەکەی پێشووی، ترەمپ بە رۆژنامەی کۆریێرێ دێلا سێرای ئیتالی راگەیاند، جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتالیا لە پرسی ئێراندا "بوێریی" نییە.
 
هەفتەی رابردووش راپۆرتێک بڵاوکرایەوە کە تێیدا هاتبوو، ئەمریکا بیر لە هەڵپەساردنی ئەندامێتیی ئیسپانیا لە ناتۆ دەکاتەوە، ئەوەش بەهۆی رەتکردنەوەی پاڵپشتیکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی ئێران.
 
جیا لەوانەش، ترەمپ بەتووندی رەخنەی لە مەدرید گرتووە بەهۆی زیادنەکردنی خەرجییە سەربازییەکانی وڵاتەکەی.