تاران وەڵامی ئەمریکا دەداتەوە و ترەمپ بژارەی سەربازی تاوتوێ دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئێران لە رێگەی نێوەندگیرە پاکستانییەکانەوە وەڵامی دوایین پێشنیازەکانی ئەمریکای سەبارەت بە رێککەوتنی کۆتاییهێنان بە جەنگ رادەست کرد. ئەمەش لە کاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا تاوتوێی پلانی سەربازی دژی تاران دەکات.
بەگوێرەى راپۆرتێکی ئاژانسی (ئەکسیۆس)ی ئەمریکی، کە گوایە زانیارییەکانی لە چەند سەرچاوەیەک وەرگرتووە، ئێران وەڵامی فەرمیی خۆی تایبەت بەو داواکارییانە ناردووە کە واشنتن بۆ رێککەوتن ئامادەی کردبوون.
هەرچەندە هێشتا روون نییە ئایا جیاوازییەکانی نێوان هەردوولا کەمبوونەتەوە یان نا، بەڵام وەرگرتنی ئەم وەڵامە ئاماژەیە بۆ بەردەوامیی دانوستاندنە ناراستەوخۆکان. ئانا کێلی، گوتەبێژی کۆشکی سپی لەبارەى نێوەڕۆکى وەڵامەکەى ئێران رایگەیاند، "ئێمە وردەکاریی گفتوگۆ دیپلۆماسییە تایبەتەکان ئاشکرا ناکەین. سەرۆک ترەمپ بە روونی گوتوویەتی ئێران هەرگیز نابێت خاوەنی چەکی ئەتۆمی بێت، دانوستاندنەکانیش بەردەوامن بۆ دڵنیابوونەوە لە ئاسایشی نیشتمانیی کورتخایەن و درێژخایەنی ئەمریکا."
بەپێی راپۆرتەکە، بنبەستی سەرەکی لە دانوستاندنەکاندا پەیوەستە بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانەوە.
رۆژى 26ى نیسان، تاران پێشنیازێکی دایە ئەمریکا تاوەکو تەنگەى هورمز بکاتەوە و کۆتایی بە جەنگ بهێندرێ، بەو مەرجەی گفتوگۆ ئەتۆمییەکان بۆ کاتێکی دیکە دوابخرێن. بەڵام رۆژی دووشەممە، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رەشنووسێکی بۆ ئێران نارد و تێیدا باسی لەوە کرد کە دەبێ پرسی ئەتۆم بەشێک بێت لە هەر رێککەوتنێک.
بەگوێرەی ئەکسیۆس، یەکێک لە مەرجە نوێیەکانی ئیدارەی ترەمپ ئەوەیە، پێویستە ئێران پابەند بێت بەوەی هیچ بڕێکى یۆرانیۆمى پیتێندراو لەو بنکە ئەتۆمییانە نەگوازێتەوە کە بۆردوومان کراون؛ هەروەها تا ئەو کاتەى دانوستاندنەکان بەردەوامن، نابێت دەست بە هیچ چالاکییەک لەو بنکانە بکاتەوە.
ترەمپ رۆژى 30ى نیسان بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: "ئێرانییەکان زۆر پێداگرن لەوەى رێککەوتن بکەن، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کەس بە تەواوی نازانێت کێ سەرکردەی راستەقینەی ئەو وڵاتەیە".
ترەمپ هەمان رۆژ لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک؛ مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوە؛ پێت هێگسێت، وەزیری جەنگ؛ جۆن راتکلیف، بەڕێوەبەری CIA و ستیڤ ویتکۆف بەشداربوون.
بەپێی ئەکسیۆس، ئەدمیراڵ بڕاد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم و جەنەڕاڵ دان کەین، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا ترەمپ و تیمەکەیان لە نوێترین پلانی هێرشی سەربازی بۆسەر ئێران ئاگادار کردووەتەوە. ئەم پلانە وەک بژارەیەک ئامادە کراوە تاوەکو ئەگەر دانوستاندنەکان شکستیان هێنا، ئەمریکا بگەڕێتەوە بۆ جەنگەکە.