هەڵبژاردنی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا بەڕێوەدەچێت؛ ژمارەیەک خانمی کورد بەربژێرن
رووداو دیجیتاڵ
هەفتەی داهاتوو هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئەورووپا دەستپێدەکەن. جگە لە دوو بەربژێر کە ئێستا پەرلەمانتارن، خانمێکی دیکەی کوردیش لە سوێد خۆی بەربژێر کردووە.
هەفتەی داهاتوو 373 ملیۆن هاووڵاتیی ئەورووپا مافی دەنگدانیان دەبێت بۆ پڕکردنەوەی 720 کورسیی پەرلەمانی ئەورووپا.
لەنێوان رۆژانی 6 تاوەکو 9ی ئەم مانگە لە 27 وڵات هەڵبژاردن دەکرێن. هەرچەندە پەرلەمانی ئەورووپا جیاوازە لە پەرلەمانی وڵاتانی ئەورووپا، بەڵام پێی دەڵێن "پەرلەمانی پەرلەمانەکان." لەگەڵ ئەوەشدا بانگەشەکانی هەڵبژاردن بۆ ئەو هەڵبژاردنە بەو گەرموگوڕییە نین کە بۆ هەڵبژاردنی وڵاتان دەکرێن.
بەپێی زانیارییەکانی دیاسپۆرا، بەربژێرانی کورد بۆ پەرلەمانی ئەورووپا هەموویان خانمن؛ دوویان ئێستا پەرلەمانتاری ئەورووپان.
ئەڤین ئینجیر لەسەر لیستی سۆسیال دیموکراتەکان لە سوێد و ئۆزلەم دەمیرەل لەسەر لیستی چەپەکان لە ئەڵمانیا؛ لە تەنیشت ئەوانیش خانمانی دیکەی کورد هەن کە بەربژێرن، یەکێک لەوانە دیانا غەفوورە، کە ئەویش لە سوێدە.
دیانا غەفوور میوانی دیاسپۆرا بوو. لەوبارەیەوە رایگەیاند، ئەو خۆی بەربژێر کردووە بۆئەوەی ببێتە ئەندامی خولی داهاتووی پەرلەمانی ئەورووپا و جگە لەوەی دەیەوێت نوێنەرایەتیی گەلی سوێد بکات لە پەرلەماندا، هاوکات دەشیەوێت ببێتە پاڵپشت و هاوکاری بۆ دۆزی نەتەوەکەی.
دیانا غەفوور هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە ستۆکهۆڵم، دەڵێت، "دەمەوێ کاتێک بوومە ئەندامی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا لەوێوە کار بۆ نەتەوەی کورد بکەم، چونکە ئەوێ شوێنێکی گونجاوە بۆ ئەمە و دەتوانین پشتیوان و هاوکار بین بۆ بەرەوپێشبردنی دۆزی کورد، ئەمیش بە هاوکاریی دۆستەکانمان لە پەرلەماندا و گوشار دروست بکەین بۆئەوەی یەکێتییەکە هیچ نەبێت رێگە لە دووژمنکاریی دووژمنانی کورد بگرێت و مامەڵەیان لەگەڵ نەکات."
دیانا غەفوور کە لەسەر لیستی پارتی سۆسیال دیموکراتی سوێد خۆی بەربژێر کردووە، دەڵێت، "باوکم کەرکووکییە و لەوێ لەدایکبووە، هەروەها دایکیشم خەڵکی شاری ئیلامە و خۆشم لە سوێد لەدایکبووم، بەڵام کوردم و شانازی بە کوردبوونی خۆمەوە دەکەم."
دیانا غەفوور لە تەمەنی 19 ساڵییەوە ئەندامی پارتی سۆسیال دیموکراتی سوێدە و ئێستا بەربژێری ژمارە 17ی پارتەکەیە و دەڵێت، "کوردی سوێد لە هەموو شارەکان پاڵپشتیم دەکەن و پڕوپاگەندەم بۆ دەکەن". هەروەها دەشڵێت، "گرفتێکی گەورەی ئێمە ئەوەیە، پەنابەران لە سوێد دەنگ نادەن، لە کاتێکدا لە ئەورووپا تووندئاژۆکان و ئەوانەی دژی کۆچبەرانن رۆژ دوای رۆژ زیاتر دەبن، ئەمە کاریگەریی خراپی بەسەر کۆچبەرانەوە دەبێت، بۆیە گرنگە هەموو کۆچبەران، بەتایبەتی کوردی سوێد، بچنە سەر سندووقەکان دەنگ بدەن."