ساڵانە هەزاران گەشتیار بۆ بینینی گوڵ سەردانی شاری کوێکن - هۆفی هۆڵەندا دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
یەکێک لە جوانییەکانی بەهار لە هەر جێیەکی دنیا بین، بینین و بۆنکردنی گوڵە؛ گوڵی تازە پشکوتوو و رەنگاوڕەنگ. ئەوەی زیاتر سەرنجی بەشێک لە گەشتیاران رادەکێشێت، پشکوتنی گوڵە لەو شوێنانەی کە سەختن و دەوروبەرەکەی هەمووی بەرد و شتی دیکەیە.
ئێما و نۆوا دوو کچی گەنجی هۆڵەندین و لە باکووری وڵاتەکەوە چوون بۆ بینینی جۆر و رەنگی جیاوازی گوڵ و دەڵێن، "دوو رۆژ پشوومان هەبوو، هاتووینەتە ئێرە چونکە پێمان شوێنێکی خۆشە و خەڵکیش باسی دەکەن، هەروەها زۆر وێنەی ئێرەمان بە ئۆنلاین بینیبوو، بۆیە حەزمان کرد سەردانی بکەین، زۆر کەس لە هۆڵەندا، تەنانەت دەرەوەش، ئێرەیان پێ شوێنێکی زۆر گەشتیارییە."
ئێما دەڵێت، "بۆیە حەزمان لێبوو جارێک بیبینین. شوێنێکی زۆر خۆشە و زۆر جوانیش رێکخراوە. هەموو باخچەکان و هەموو گوڵەکان زۆر جوانن."
پێتەر کە گەشتیارێکی هۆڵەندییە دەڵێت، "بۆ رۆژێک هاتووینەتە ئێرە. لەنزیک شاری ئارنهێمەوە هاتووین و لەو دەورووبەرانە دەمێنینەوە. کچە بچووکەکەمان پشووی هەبوو لە قوتابخانە، بۆیە گوتمان با چەند رۆژێک پشوویەکی خۆش وەرگرین، ئەمڕۆ لە کێوکن-هۆفین. سبەینێش بۆ رۆژێک دەچینە ئەمستەردام و لەو ناوە دەخەوین. هەڵبەت ئەمە بەبۆنەی ئەوەشەوەیە کە خانمەکەم رۆژبوونیەتی. دەمانەوێت رۆژێکی خۆشمان هەبێت. ئێمە بۆیە هاتووینەتە ئێرە، چونکە دەمانەوێت هەموو گوڵەکان ببینین. زۆر حەزمان لە هەڵاڵەیە و پێمان خۆشە لێرەین. ئەمە لە هۆڵەندایە و قەت بۆی نەهاتووین! خۆشیشە کە خەڵکی دەرەوەی هۆڵەنداش بۆی دێن."
تێسا کە فرۆشیاری دۆندرمەیە لەو شوێنە، دەڵێت، "رۆژێکی خۆش و قەرەباڵخە، خەڵک لە هەموو شوێنێکەوە دێن، لە سەرتاسەری جیهانەوە دێن، لە ئەمریکاوە تاوەکو چین، هەموویان دێن ئەو گوڵە جوانانە ببینن، بەتایبەتی هەڵاڵە جوانە هۆڵەندییەکانمان، کاتی کۆرۆنا خەڵکی کەمتر لێبوو یان هەر داخرابوو، بەڵام ئێستا لە هەموو کاتێک قەرەباڵخترە. ئێرە زۆر خۆشە و ئەگەر توانیتان جارێک بۆی وەرن."
دوو خانەوادەی کورد کە وەکو گەشتیار سەردانی ناوچەکەیان کردووە بۆ بینینی گوڵەکان، دەڵێن، "ساڵانە سەردانی کێکن هۆف دەکەین."
ئەمیر کەرکووکی، کە یەکێکە لە ئەندامانی خێزانەکان قسەی بۆ رووداو کردووە و دەڵێت، "ساڵانە بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش و بینینی ئەو جوانییە، سەردانی ئێرە دەکەین و چۆن خەڵکی لە کوردستان لە بەهاراندا دەچن بۆ سەیران و گەشت، ئێمەش دێینە ئەو شوێنە و کاتێکی خۆش بەسەر دەبەین. خەڵکی لە هەموو وڵاتانەوە دێن بۆ بینینی ئەو باخچە پڕ لە گوڵە، ئێرە ئاوهەوایەکی سازگاری هەیە، لێرە گوێت لە دەنگی باڵندە دەبێت و بۆنی گوڵی خۆش دەکەیت."