ئەو کوڕە کێیە کە کوشتنەکەی گڕی لە فەرەنسا بەرداوە؟
رووداو دیجیتاڵ
ناهێل "هەموو شتێک بوو" بۆ دایکی. ئەو کوڕێکی هێمنی گەڕەکێکی پاریس بوو، بەڵام بە گوللـەی پۆلیسێک کوژرا، ئەوەش بووە هۆی دروستبوونی گرژی و پشێوی لە وڵاتێکدا کە لەمێژە پۆلیس بە ئەنجامدانی جیاکاری دژی کەمینەکان تۆمەتبار دەکرێت.
رۆژی سێشەممە، 27-6-2023 دوای وەستاندنی، لە لایەن پۆلیسەوە تەقە لە ناهێل کرا و کوژرا. لە کاردانەوەی ئەوەدا، خۆپێشاندانی گەورە شارەکانی فەرەنسای گرتەوە کە دواتر گرژی و تووندوتیژی تێکەوت، جێگیرکردنی هێزێکی گەورەی پۆلیس نەیتوانی کۆتاییان پێ بهێنێت.
ناهێل لە کۆمەڵگەی پابلۆ پیکاسۆ لە ناوچەی نانتێری پاریس، کە ژمارەیەکی زۆری کۆچبەران لێی دەژین، گەورە بووە. دایکی ناهێل، کە بە رەچەڵەک خەڵکی جەزائیرە، ئەوی بە تەنیا گەورە کردووە.
کاتێک کە هەواڵی کوژرانی ناهێل بڵاوبوویەوە، گەڕەکەکەی بووە شوێنی سەرەتای دەربڕینی ناڕەزایی و توڕەیی کە دواتر بە تەواوی وڵاتدا بڵاوبوویەوە، پێش ئەوەی رۆژی شەممە بە خاک بسپێردرێت.
پۆلیس سەرەتا هیچی لە بارەی نەژادی ناهێلەوە نەدرکاند، بەڵام فەرەنسییەکان دەستیان لە پرسیارکردن هەڵنەگرت.
یەکەمین کاردانەوەکان لەلایەن راپەرەکانی شاری مارسیلیای باشووری فەرەنساوە بوو؛ ئەو شارەی کە شوێنی ژیانی ژمارەیەکی زۆری کۆچبەری باکووری ئەفریقایە.
کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی تۆپی پێ و عومەر سای-ی ئەکتەر کە هەردووکیان رەشپێستن، هەر زوو لە تویتەر پشتیوانیی خۆیان بۆ خۆپێشاندانەکان دەربڕی.
مانگێک لەمەوبەر، خەونێکی ناهێل بەدیهات، کاتێک کە دەستنیشانکرا بۆ ئەوەی لە ڤیدیۆ کلیپێکی ژولی راپەردا دەربکەوێت، کە لە ناوچەی نانتێر تۆمارکرا.
دوای گیانلەدەستدانی ناهێل، ژول داوای کۆکردنەوەی پارەی کرد بۆ یارمەتیدانی خێزانی کوڕەکە، کە بە "برا بچووکەکەم" ناوی برد.
رۆژی سێشەممە، 27-6-2023 لە رێپێوانێکدا ناوی کوڕە تەمەن 17 ساڵانەکە بووە درووشمی هەزاران کەس کە بڕوایان وایە کوشتنی ئەو، نموونەیەکی دیکەی مامەڵەکردنی نادروستی پۆلیسە لەگەڵ گەنجانی بە رەچەڵەک عەرەب و ئەفریقی.
ساڵیحە دانیشتووێکی گەڕەکەکەیەتی و دەڵێت: "ناهێل کوڕێکی هێمن بوو." ئەو ژنە 65 ساڵانە باسی لەوە کرد کە ئەگەرچی ناهێل پێشتریش دەمەقاڵێی لەگەڵ پۆلیسدا هەبووە، بەڵام دەبێت بزانین "خەڵک لە تەمەنی 17 ساڵیدا گەنجن. لە کوێی جیهاندا بووە کەسێک بەو هۆیەوە بکوژێ؟"
مۆنیا، دایکی ناهێل دەڵێت ئەو "باشترین هاوڕێم و هەموو شتێکم بوو."
دایکی دەڵێت، بەهۆی مردنی کوڕەکەیەوە "تاساوە"، بەڵام پێچەوانەی خەڵکێکی زۆر، ئەو گلەیی لە هەموو پۆلیسەکان ناکات، بەڵکو دەڵێت، "تەنیا گلەیی لە یەک پۆلیس دەکەم؛ ئەوەی کە کۆتایی بە ژیانی کوڕەکەمی هێنا."
گیانلەدەستدانی ناهێل، لەو دیوی دەریای سپی، لە جەزائیریش دەنگیدایەوە، وێڕای ئەوەی کە هێشتا بە فەرمی نازانرێت ناسنامەی ئەو وڵاتەی هەبووە یان نا.
وەزارەتی دەرەوەی جەزائیر "نیگەرانیی" خۆی لە رووداوەکان دەربڕی و ناهێلی بە "هاووڵاتییەکی جەزائیری" ناوبرد کە پێویست بوو فەرەنسا بیپارێزێت.
بە گوێرەی پارێزەری خێزانەکەی، ناهێل لە داپیریەوە نزیک بووە و وەکو کارمەندێکی دیلیڤەری کاریکردووە.
هەروەها لە پرۆگرامێکدا ناونووسکرابوو کە تایبەت بووە بە تێکەڵکردن و شیاندنی گەنجانی ئەو گەڕەکانەی کە کێشەیان تێدا زۆرە، لە رێگەی وەرزشەوە. بڕیار بووە ناهێل لە رێگەی یاریی رەگبی، بەشداری لەو پرۆگرامەدا بکات.
ناهێڵ هیچ پێشینەیەکی تاوانی نەبووە. داواکاری گشتیی نانتێر دەڵێت، چەند جارێک ناهێل رەتیکردووەتەوە لە بازگەکانی پۆلیس بووەستێت؛ هەروەها داوای لێ کرابوو لەسەر چەند سەرپێچییەک لە دادگە ئامادە بێت.
رۆژی سێشەممە، 27ـی حوزەیران پۆلیس رایگەیاند، ناهێلیان بینیوە کە بە شێوەیەکی "کەمتەرخەمانە" ئۆتۆمبێلی لێخوڕیوە.
بەگوتەی سەرۆکشارەوانیی نانتێر، ناهێڵ دەوروبەری کاژێر 8:00ی بەیانی مێرسیدزێکی رەنگ زەردی لێخوڕیوە و لە نزیک گۆڕەپانی نێڵسن ماندێلا مشتومڕێک لەنێوان دوو پۆلیسی هاتووچۆ و ئەو گەنجەدا دروست بووە. ئۆتۆمبێلەکە بە خێرایی رۆیشتووە و یەکێک لە ئەفسەرانی هاتووچۆش تەقەی لێکردووە و کوژراوە.
ژێف پوێش، بەڕێوەبەری قوتابخانەی ئۆڤال سیتۆیێن، کە ناهێل پێشتر لێی دەخوێند بەڵام دواتر وازی لە خوێندن هێنا، دەڵێت، ئەو "چەتە و رێگرێکی گەورە نەبوو."