سەرۆک پارتێکی نەرویجی بە "دزینی چاویلکەیەک" پارتەکەی شەرمەزار دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی پارتێکی نەرویجی تۆمەتبار دەکرێت بەوەی لە فرۆشگەیەکدا چاویلکەیەکی دزیوە؛ پارتەکەی هەست بە شەرمەزاری دەکات.
 
بیۆرنار مۆکسێنس، سەرۆک و پەرلەمانتاری پارتی سووری نەرویجی، رۆژی هەینی لە فڕۆکەخانەی ئۆسلۆ راگیرا. مۆکسێنس چاویلکەیەکی خۆری لە فرۆشگەیەکی فڕۆکەخانەکە بردبوو و خستبوویە نێو کەلوپەلەکانی؛ ماوەیەک دوای ئەوە، مۆکسێنس لەلایەن ئاساییشی فڕۆکەخانەکەوە وەستێنرا و لەو بارەوە پرسیاری لێکرا. 
 
سیاسەتڤانەکە بە ئاسایشی فڕۆکەخانەکەی گوت، ئاگای لە خۆی نەبووە و ئەو چاویلکەیەی بە هەڵە لەگەڵ خۆی بردووە.
 
مۆکسێنس دواتر لەبارەی راگیرانەکەی لە لایەن ئاسایشی فڕۆکەخانەکەوە قسەی بۆ میدیاکان کرد و گوتی، کاتێک راگیراوە و زانیویەتی چی روویداوە، حەپەساوە؛ دەشڵێت، "نەمزانی دەبێت چی بکەم". 
 
سیاسەتڤانەکە دەڵێت، "کاتێک پۆلیسێک هات و داوای چاویلەکەکەی کرد، زۆر شەرمم لەخۆم کرد. بواری پاساوهێنانەوەش نەبوو؛ پێویست بوو بە ئەنجامەکان رازی بم."
 
مۆکسێنس بە سێ هەزار کرۆنی نەرویجی (277$) پێبژاردن سزادرا. 
 
ئەندامانی پارتە کۆمۆنیستەکە کە لە پەرلەمان 8 لە کۆی 169 کورسیی هەیە، دەڵێن، هەست بە "شەرمەزاری" دەکەن، بەڵام پێزانینیان هەیە بۆ کارەکانی پێشووی سەرۆک پارتەکەیان. 
 
سۆفی مارهۆگ، پەرلەمانتاری پارتەکە لە پۆستێکی فەیسبووکدا نووسیویەتی، "هەموو کەسێک هەڵە دەکات، تەنانەت سەرکردەی پارتەکانیش. ئایا پێویستە لێکەوتەی سیاسی هەبێت؟ بڕوا ناکەم، نەک لەبەرئەوەی بردنی ئەو چاویلکەیە ئاسایی بوو. ئەوەی روویداوە هیچ ئاسایی نەبووە. هیچ سوودێک لە بەرگریکردن لە کارێکی بێمانا و گەمژاتییەکی لەم شێوەیە نییە. شتێکی گەمژانە بووە."
 
مارهۆگ هەروەها پێی وابوو سزادانی مۆکسێنس کارێکی دروستبووە و دەشڵێت، "شتێکی مایەی شەرم، گەمژانە و نایاساییە پارەی خۆت نەدەیت. بیرۆنار مۆکسێنس بە شێوەیەکی دروست لە بەرامبەر کارەکەی سزادرا. خۆشحاڵ بووم بەوە."
 
هاوکات سهێر ئەیدار، سکرتێری پارتی سووری نەرویج رایگەیاند، هەست بە "شەرمەزاری" دەکات و گوتیشی، "ئەوە مایەی شەرمەزارییە، بە تایبەت بۆ خۆی، بەڵام بۆ ئێمەش. ئەوەی کراوە نایاساییە. پێم وایە پۆلیس کاری خۆی کرد، ئەوەش شتێکی باش بوو،"  ئەمە وێڕای ئەوەی کە پەرلەمانتارەکە پێیوایە، ئەوەی سەرکردەی پارتەکەی کردوویەتی، "بەهەڵەداچوون بووە."
 
دزیکردن لە نەرویج تاوانە و سزاکەی پێبژاردن یان زیندانیکردنە بە گوێرەی دزییەکە. 
 
لە ساڵی 2018دا 70 هەزار و 562 دزیکردن لەو وڵاتە ئەوروپییە تۆمارکراون؛ لەو دزیکردنانەدا 3 هەزار و 36 کەرەستە لەنێو ماڵەکان و 7 هەزار و 209 ئۆتۆمبێلیش هەبوون. هەر لەو ساڵەدا 14 هەزار و 242 پاسکیل دزراون.