2 هەزار و 400 کەس بەهۆی خۆپێشاندان و گرژییەکانی فەرەنساوە دەستگیرکراون

رووداو دیجیتاڵ 

رۆژی شەممە تەرمی ناهێل بە خاکسپێردرا، ئەو گەنجەی کە پێنج رۆژ لەمەوبەر بە گوللـەی پۆلیسی فەرەنسا کوژرا و شەپۆلێکی گەورەی خۆپێشاندان و گرژی لە سەرانسەری ئەو وڵاتە بەدوای خۆیدا هێنا کە تاوەکو ئێستاش بەردەوامە. 
 
وەزارەتی ناوخۆی فەرەنساش دەستگیرکردنی هەزار و 300 کەس و برینداربوونی 79 پۆلیسی لە چوارەم شەوی ناڕەزایەتییەکاندا راگەیاند، بەوەش کۆی گشتیی دەستگیرکراوان لە رۆژی سێشەممەوە تا ئەمڕۆ گەیشتە دوو هەزار و 400 کەس. هاوکات ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا سەردانەکەی بۆ ئەڵمانیا هەڵوەشاندەوە کە بڕیار بوو رۆژی یەکشەممە بیکات. 
 
خێزانی کوڕە کوژراوەکە داوای کردبوو بەخاکسپاردنی کوڕەکەیان بێ ئامادەبوونی میدیا بەڕێوەبچێت. تەرمی ناهێل لە گۆڕستانێکی تایبەت بە موسڵمانان لە ناوچەی نانتێری پاریس بەخاکسپێردرا. 
 
وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا لە راگەیێندراوێکدا باسی لەوە کردووە، لە چوارەم شەوی خۆپێشاندانەکاندا واتە شەوی هەینی لەسەر شەممە، 31 هێرش کراونەتە سەر بنکەکانی پۆلیس و 11ی دیکە کراونەتە سەر بنکەکانی جەندرمە. 
 
هەر لەو شەوەدا، بە گوێرەی وەزارەتەکە، هەزار و 350 ئۆتۆمبێل سووتێنراون، 234 خانوو و باڵەخانە بەهۆی ئاگرەوە زیانیان بەرکەوتووە و دوو هەزار و 560 ئاگر لە سەر رێگە گشتییەکان کراونەتەوە. 
 
جیراڵد دارمانان، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا رۆژی شەممە سەردانی شوێنێکی رووبەڕووبوونەوەی هێزە ئەمنییەکان و خۆپێشاندەرە تووڕەکانی کرد و گوتی، "کۆمار[ی فەرەنسا] بەسەر ئاژاوەگێڕان و تێکدەراندا سەردەکەوێت،" ئاماژەی بەوەش کرد کە تونودوتیژیەکە ئەمڕۆ بەراورد بە شەوی رابردوو کەمتر بووە.  
 
وەزیرەکە باسی لەوەش کرد کە 45 هەزار پۆلیس بۆ کۆنترۆڵکردنی پشێوی خراونەتە ئەرکەوە؛ گوتیشی کە زرێپۆش و هێلیکۆپتەریش سوودیان لێ وەردەگیرێت. 
 
دارمانان گوتی، "هێزەکانی جەندرمە بەکاردێنین بۆ بەهێزکردنی ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکانی پۆلیس."
 
پشێوییەکان دوای کوژرانی ناهێلی تەمەن 17 ساڵانی بە رەچەڵەک جەزائیری لە ناوچەی نانتێری سەر بە پاریس دروستبوون، لە کاتێکدا کە پۆلیس بە نەژادپەرستی و جیاکاری تۆمەتباردەکرێت. 
 

هاوکات رێکخراوی موسڵمانانی فەرەنسا داوای دانبەخۆداگرتنی کرد و داواشی لە دامودەزگاکانی فەرەنسا کرد بەرپرسیارێتیی گەڕاندنەوەی متمانە لە نێوان فەرەنسییەکان و پۆلیسدا لە ئەستۆ بگرن. 
 
لە راگەیێندراوەکەیدا هاتووە، "کوژرانی ناهێل بووەتە هۆی دروستبوونی شەپۆلێکی توڕەیی رەوا، بەڵام بەداخەوە بەشێوەیەکی ناڕەوا درێژبووەتەوە بۆ لەنێوبردنی سامانی گشتی و تایبەت."
 
فەرەنسا بۆ چوارەم شەو لەسەریەک تووندوتیژی، تاڵانی و سووتاندنی بە خۆیەوە بینی؛ هەروەها خۆپیشاندەران دەستیان بەسەر چەکدا گرت. 
 
ماکرۆن سەردانەکەی هەڵدەوەشێنێتەوە
 
ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی تیمی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکەی لە وەزارەتی ناوخۆ کرد، دوای ئەوەی کە بەشداری خۆی لە لووتکەی ئەوروپی لە بەلجیکا هەڵوەشاندەوە. 
 
سەرۆککۆماری فەرەنسا سەرکۆنەی "خراپبەکارهێنانی قبووڵنەکراوی" کوژرانی ناهێلی کرد؛ هەروەها گوتی، بە پێداگری و رژدییەوە رووبەڕووی گرژییەکان دەبنەوە و ئاماژەی بە هەبوونی گرووپی پەڕگیر لە نێو ریزەکانی خۆپێشاندەراندا کرد. 
 
ماکرۆن داوای لە کۆمپانیاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کرد، دیمەنەکانی تووندوتیژی لەسەر سەکۆکانیان لاببەن و رێگەیان پێنەدەن بەکارهێنەران بڵاویان بکەنەوە؛ داواشی لێکردن، ناسنامەی ئەو کەسانەی هانی تووندوتیژی دەدەن بە دەزگا پەیوەندیدارەکان بدەن. 
 
بەهۆی گرژییەکانەوە، فەرەنسا و ئەڵمانیا هەڵوەشانەوەی سەردانێکی ماکرۆنیان بۆ بەرلین راگەیاند کە بڕیاربوو سبەی ئەنجامی بدات. 
 

محەممەد جاکۆبی، هاوڕێی خێزانی کوڕە کوژراوەکە دەڵێت، ئەوەی کە بووەتە هۆی دروستبوونی توڕيییەکە، "هەستکردنە بە ستەمدیدەیی لە گەڕەکە هەژارنشینەکان لە ئەنجامی بەکارهێنانی تووندوتیژی لە لایەن پۆلیسەوە دژی کەمینە نەتەوەییەکان کە زۆربەیان لەو وڵاتانەوە هاتوون کە پێشتر لە لایەن فەرەنساوە داگیرکرابوون."
 
ئەو هاووڵاتییە فەرەنسییە گوتی، "بێزاربووین. ئێمەش فەرەنسین. ئێمە دژی تووندوتیژین. ئێمە زبڵدان نین."
 
بەڵام ماکرۆن رەتیدەکاتەوە نەژادپەرستی و جیاکاری بەرنامەڕێژکراو لە نێو دامودەزگاکانی حکومەتەکەیدا هەبێت. 
 
هۆشداریی نێودەوڵەتی
 
لەگەڵ زیادبوونی گرژییەکان، حکومەتی ژمارەیەک وڵات هۆشدارییان بە هاووڵاتییەکانیان دا لە فەرەنسا ئاگایان لەخۆ بێت. 
 
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا دژی گەشتکردن بۆ فەرەنسا هۆشداری بە هاووڵاتییەکانی دا و رایگەیاند، "رەنگە لە کاتی گەشتکردن تووندوتیژی لەسەر رێگەکان هەبێت و دەکرێت ئامرازەکانی گواستنەوەی گشتیش سنوورداربکرێن؛ هەروەها دەکرێت حکومەتە خۆجێیەکان قەدەخەی هاتووچۆ رابگەیێنن". 
 
باڵیۆزخانەی تورکیاش لە پاریس هۆشداری بەو هاووڵاتییانەی دا کە لە فەرەنسان یان دەیانەوێت گەشتی بۆ بکەن، کە چاوکراوە بن و هۆشیار بن لەو تووندوتیژییەی کە سەرانسەری وڵاتەکەی گرتووەتەوە. 
 
باڵیۆزخانەکە، هاوکات ئاماژەی بە لەکارکەوتنی ئامرازەکانی گواستنەوەی گشتی و خزمەتگوزارییە جیاوازەکان بەهۆی خۆپێشاندانەکانەوە کرد. 
 
هاوکات لە جنێڤ، نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ جەختی لە گرنگیی هێشتنەوەی خۆپێشاندانەکان لە چوارچێوەی ئاشتییانەدا کردەوە و داوای لە حکومەتی فەرەنسا کرد کە گەرەنتی بدات لەوەی بەکارهێنانی هێز لە لایەن پۆلیسەوە بە گوێرەی بنەمای نەکردنی جیاکاری دەبێت. 
 
رافینا شامداسانی، گوتەبێژی نووسینگەکە گوتی، "ئەمە دەرفەتێکە بۆ وڵاتەکە بۆ چارەسەرکردنی راستەقینەی کێشە قووڵەکانی پەیوەست بە نەژادپەرستی و جیاکاری لە کاتی جێبەجێکردنی یاسادا."