تویتەر سنوور بۆ ژمارەی ئەو پۆستانەی بەکارهێنەر لە رۆژێکدا دەیانبینێت، دادەنێت


رووداو دیجیتاڵ

بە بڕیارێکی نوێی ئیلۆن مەسک، ژمارەی ئەو تویتانەی کە بەکارهێنەرانی تویتەر لە رۆژێکدا دەیانبینن، سنووردار دەکرێت. 

 

ئەوانەی هەژمارەکانیان بە هێما شینەکە پشتڕاستکراوەتەوە، لە رۆژێکدا دەتوانن شەش هەزار پۆست ببینن؛ ئەوانەی هێما شینەکەیان نییە 600 پۆست و ئەوانەشی کە تازە کراونەتەوە و هێما شینەکەشیان نییە، لە رۆژێکدا تەنیا 300 پۆست دەبینن، ئەمە وەک لە تویتێکی ئیلۆن مەسکی خاوەنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەدا هاتووە. 
 
ئەم سنووردارکردنە لە کاتێکدایە کە هەزاران بەکارهێنەری تویتەر رۆژی شەممە گلەییان لە هەبوونی کێشە لە کردنەوەی تۆڕەکەدا هەبوو. 
 
مەسک دەڵێت، ئەم گۆڕانکارییانە کاتین و لە پێناو "چارەسەرکردنی خراپبوونی لەڕادەبەری داتاکان و خراپبەکارهێنانیان" پەیڕەودەکرێن. 
 
لەوەتەی مەسک تویتەری کڕیوە، ئەمە یەکەمجارە بەم رادە گەورەیە خەڵک دەستیان بە تویتەر نەگات. 
 
ژمارەیەکی زۆری بەکارهێنەران کە هەوڵی دەستگەیشتن بە تویتەر یان بڵاوکردنەوەی تویتیان دا، چ لەسەر ماڵپەری تۆڕەکە یان لەسەر ئەپەکەی، بە رستەیەک ئاگادارکراونەتەوە کە ناتوانن تویتی دیکە ببینن. 
 
ئەمە یەکەمجار نییە تویتەر رووبەڕووی کێشە و لەکارکەوتن دەبێتەوە. 
 
شوباتی ئەمساڵ، بەکارهێنەران بۆ ماوەی 90 خولەک نەیانتوانی هیچ شتێک لەسەر سەکۆکە بڵاوبکەنەوە و پەیامێکیان پیشاندەدرا کە نووسرابوو "تۆ ئاستی رێگەپێدراوی رۆژانەی ناردنی تویتەکانت تێپەڕاندووە."
 
مانگی دواتر، بۆ ماوەیەکی کاتی، بەکارهێنەران نەیانتوانی بەستەرەکانی سەر تویتەر بکەنەوە یان وێنەکان ببینن.