ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا پرۆژەیاسا ناکۆکی لەسەرەکەی ترەمپی بۆ خەرجییەکان پەسندکرد
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا کە کۆمارییەکان تێیدا زۆرینەن، رۆژی سێشەممە بە جیاوازییەکی زۆر کەم، پڕۆژەیاسا گەورەکەی دۆناڵد ترەمپی پەسندکرد، ئەوە سەرەڕای نیگەرانییەکان لەبارەی کەمکردنەوەی خەرجییەکانی خۆشگوزەرانی و زیادکردنی 3 تریلیۆن دۆلاری دیکە بۆ قەرزی نیشتمانی.
کۆمارییەکان بۆ کۆکردنەوەی پشتگیری بۆ پڕۆژەکە رووبەڕووی سەختی بوونەوە، لە کاتێکدا دیموکراتەکان تانەیان لە لایەنە ناکۆکی لەسەرەکانی پاکێجەکە دەدا.
بەڵام دواجار دەنگدانەکە بە 50-50 کۆتاییهات، کە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، بە دەنگی خۆی یەکسانبوونەکەی شکاند.
ئێستا پڕۆژەکە رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران دەکرێت کە چاوەڕوان دەکرێ لەوێ رووبەڕووی دژایەتیی دیموکراتەکان و ناڕەزایەتیی بەشێکی کۆمارییەکان لەبارەی تێچووە زۆرەکانی ببێتەوە کە دەبنەهۆی کورتهێنانی بودجە، هەروەها بڕینی بەرنامەکانی چاودێریی تەندروستی و یارمەتیی خۆراک بۆ ئەمریکییە هەژارەکان.
پڕۆژەیاساکەی ترەمپ پێشنیازی درێژکردنەوەی کەمکردنەوەی باجەکانی خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی بە بڕی 4.5 تریلیۆن دۆلار دەکات، لە بەرامبەردا 1.2 تریلیۆن دۆلار پاشەکەوت دەکرێت، بە شێوەیەکی سەرەکی لە رێگەی کردنەئامانجی بەرنامەی بیمەی تەندروستی و یارمەتیی خۆراکی فیدراڵییەوە.
کەمکردنەوەکانی بواری چاودێریی تەندروستی رەنگە ببێتەهۆی ئەوەی نزیکەی 12 ملیۆن ئەمریکیی کەمداهات و خاوەن پێداویستیی تایبەت، بیمەی تەندروستییان لەدەستبدەن.
پاکێجەکە هەروەها ملیاران دۆلار لە باجی وزەی سەوز هەڵدەوەشێنێتەوە، لە کاتێکدا 350 ملیار دۆلار بۆ ئاسایشی سنوور و بەرنامەی دیپۆرتکردنەوەی بەکۆمەڵی کۆچبەرانی ترەمپ دابین دەکات.
ترەمپ چاوی لەوەیە پرۆژەیاساکە لە رۆژانی داهاتوودا لە ئەنجوومەنی نوێنەران تێپەڕێندرێت و تاوەکو پشووی رۆژی سەربەخۆیی لە 4ی تەممووز، واژۆی لەسەر بکات و بیکاتە یاسا.
ترەمپ پێش دەنگدانەکە بە رۆژنامەڤانانی گوت: "تێدەپەڕێت، پەسند دەکرێت و ئێمە زۆر دڵخۆش دەبین."
دیموکراتەکان و سوودوەرگرتن لە ناڕەزایی خەڵک
راپرسییەکان دەریدەخەن کە پرۆژەیاساکە یەکێکە لە کەم جەماوەرترین پرۆژەیاساکانی مێژوو و دیموکراتەکان هیوادارن تووڕەیی جەماوەر لەپێش هەڵبژاردنی 2026 بقۆزنەوە، کە ئامانجیانە کۆنترۆڵی ئەنجوومەنی نوێنەران بکەنەوە.
دیموکراتەکان بە پشتبەستن بە شیکاریی سەربەخۆی بەرفراوان دەڵێن، کەمکردنەوەی باجەکانی نێو پرۆژەیاساکە بە شێوەیەکی ناهاوسەنگ سوود بە دەوڵەمەندەکان دەگەیێنێت لەسەر حیسابی بەرنامەکانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی بۆ هەژارترین ئەمریکییەکان.
چەک شومەر، سەرۆکی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی پیران گوتی: "ئەمڕۆ، کۆمارییەکانی ئەنجوومەنی پیران ناپاکییان لە گەلی ئەمریکا کرد و ئەنجوومەنەکەیان تووشی شەرمەزاری کرد."
ژمارەیەک لە سیناتۆرە کۆمارییەکان نیگەرانیی خۆیان دەربڕیبوو لەوەی پرۆژەیاساکە زیاتر لە 3.3 تریلیۆن دۆلار بۆ کورتهێنانە زۆرەکەی بودجەی وڵات زیاد دەکات.
دیارترین دژایەتی لەسەر ئاستی ئەمریکا لەلایەن ملیاردێری بواری تەکنەلۆژیا و راوێژکاری پێشووی ترەمپ، ئیلۆن مەسکەوە بوو کە ناڕەزایەتیی دەربڕی لەبارەی کاریگەریی پرۆژەیاساکە لەسەر قەرزەکان و لابردنی یارمەتییەکانی وزەی پاک.
ترەمپ رۆژی سێشەممە بە تووڕەییەوە لەبارەی مەسک قسەی کرد و گوتی: "رەنگە ئیلۆن زۆر زیاتر لە هەر مرۆڤێکی دیکەی مێژوو یارمەتیی دارایی وەربگرێت. بەبێ ئەو یارمەتییانە، رەنگە ئیلۆن ناچار بێت کارەکانی رابگرێت و بگەڕێتەوە بۆ نیشتمانەکەی لە ئەفریقای باشوور."
"چاوەکان لەسەر ئەنجوومەنی نوێنەرانن."
هەرچەندە ئەنجوومەنی نوێنەران پێشتر وەشانی خۆی لە پرۆژەیاساکە پەسندکردووە، بەڵام دەبێت پڕۆژە پەسندکراوەکە بگەڕێتەوە بۆ ئەنجوومەنەکە بۆ پەسندکردنی پێش ئەوەی بگاتە سەر مێزی ترەمپ.
دەنگدانی ئەنجوومەنی نوێنەران رەنگە رۆژی چوارشەممە بکرێ، بەڵام بە ئامادەبوونی تەواوی ئەندامانیش، کۆمارییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران نابێ پشتگیری زیاتر لە 3 ئەندام لەدەستبدەن.
مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دەڵێ: "ئەنجوومەنی نوێنەران بە خێرایی کاردەکات بۆ تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای 'یەک پرۆژەیاسای گەورەی جوان' کە تاوەکو چواری تەممووز، ئەجێندا تەواوەکەی 'ئەمریکا لەپێش هەموو شتێکەوە'ی سەرۆک ترەمپ جێبەجێ دەکات."
"گەلی ئەمریکا رایەکی روونی پێداین و دوای چوار ساڵ لە شکستەکانی دیموکراتەکان، ئێمە بەنیازین بەبێ دواکەوتن ئەنجامی بدەین."مایک جۆنسن وای گوت.