هەزاران کەس لە نەرویج بە هەڵە پێیان گوتراوە بوونەتە ملیۆنێر؛ کۆمپانیاکە داوای لێبووردن دەکات
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی دووشەممە کۆمپانیایەکی یانسیبی نەرویجی (لۆتەری) داوای لێبووردنی لە 47 هەزار بەشداربووی دڵشکاوی یانسیبەکە کرد، کە بە هەڵە پێیان گوترابوو بڕە پارەیەکی زەبەلاحیان بردووەتەوە. کۆمپانیاکە هۆکارەکەی بۆ هەڵەیەک لە گۆڕینەوەی دراو گەڕاندەوە.
گرووپی قوماری (نۆرسک تیپینگ) رایگەیاند، دوای راکێشانی 'یۆرۆجاکپۆت' لە رۆژی هەینی، بەهۆی هەڵەیەک لە گۆڕینەوەی یۆرۆ بۆ کرۆنی نەرویجی، بڕی خەڵاتە هەڵەکانیان بڵاوکردووەتەوە. کۆمپانیاکە گوتی، بڕی پارە براوەکە جارانی 100 کرابوو لەبری ئەوەی دابەشی 100 بکرێت.
یەکێک لەو کەسە دڵشکاوانە ئۆلێ فرێدریک سڤین بوو، کە لە پشوودا بوو لە یۆنان، کاتێک نامەیەکی لە 'نۆرسک تیپینگ'ەوە پێگەیشت کە 1.2 ملیۆن کرۆن 119,000 دۆلاری بردووەتەوە.
سڤین رۆژی دووشەممە گوتی، "بیرم کردەوە، لە کۆتاییدا نۆرەی منیش هات، ئایا دەکرێت راست بێت؟ چوومە سەر ماڵپەڕی نۆرسک تیپینگ و لەوێ بە رەش و سپی نووسرابوو: پیرۆزە، بردتەوە." بەڵام راستییەکەی تەنیا 125 کرۆن (12 دۆلاری) بردبووەوە.
رۆژی دووشەممە سڤین و 47 هەزار کەسەکەی دیکە لە رێگەی نامەی مۆبایلەوە داوای لێبووردنیان لە 'نۆرسک تیپینگ'ەوە پێگەیشت. ئەو گوتی، "داوای لێبووردنەکە دڵدانەوەیەکی لاواز بوو. دەبوو راستەوخۆ دوای هەڵەکە بینێرن، نەک ئەمڕۆ."
کۆمپانیای نۆرسک تیپینگ بەهۆی ئەم هەڵەیەوە رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆر بووەتەوە. کۆمپانیاکە رۆژی دووشەممە رایگەیاند، دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە، بۆئەوەی بزانن یاساکانی قومار پێشێل کراون یان نا.
لوبنا جەعفەری، وەزیری رۆشنبیری، هەڵەکەی بە "تەواو قبووڵ نەکراو" وەسف کرد.
تۆنیێ ساگستوین، بەڕێوەبەری جێبەجێکاریی کۆمپانیاکە، رۆژی شەممە دوای ئابڕووچوونەکە دەستی لەکار کێشایەوە.