دوای نزیکەی 60 ساڵ، پیاوێکی تەمەن 92 ساڵ بە تاوانی کوشتن سزا درا

 
رووداو دیجیتاڵ

پیاوێکی بەریتانیی تەمەن 92 ساڵ، بە تاوانی دەستدرێژیی سێکسی و کوشتن سزا درا، کە نزیکەی 60 ساڵ لەمەوبەر کردبووی، ئەمەش بە یەکێک لە کۆنترین دۆسییە چارەسەرنەکراوەکانی بەریتانیا دادەنرێت.
 
رۆژی دووشەممە 30-06-2025 دادگەیەکی بەریتانیا، (رایلاند هێدلی)ی بە تاوانباری دەستدرێژیکردنە سەر و کوشتنی (لویسا دان)ی 75 ساڵ ناساند.
 
رووداوەکە 58 ساڵ لەمەوبەر روویداوە، لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 1967دا، کاتێک تەمەنی 34 ساڵ بووە، چووەتە سەر ماڵەکەی لە شاری بریستڵ لە باشووری رۆژئاوای ئینگلتەرا، دەستدرێژیی سێکسیی کردووەتەسەر و کوشتوویەتی.
 
دەستەی داواکاریی گشتیی شاهانە (CPS)، کە سکاڵا تاوانکارییەکان تۆمار دەکات رایگەیاند، ئەمە "یەکێکە لە کۆنترین دۆسییە چارەسەرنەکراوەکان، کە تاوەکو ئێستا لە بەریتانیا چارەسەر کرابێت."
 
پۆلیسی ناوخۆیی لە ساڵی 2023 دۆسییەکەی دووبارە کردەوە و دی ئێن ئەی (DNA)ی سەر تەنوورەی قوربانییەکە و شتومەکی دیکەی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی، لەگەڵ شتومەک و جەستەی هێدلی بەراورد کرد. هەروەها هێدلی پێشتر بەهۆی دەستدرێژیکردنە سەر دوو ژنی بەساڵاچوو لە ساڵی 1977 سزای زیندانیی بەسەردا سەپێندرابوو.
 
بڕیارە رۆژی سێشەممە لە دادگەی شاهانەی بریستڵ سزاکەی بەسەردا بسەپێندرێت.
 
لە کاتی لێکۆڵینەوەی سەرەتاییدا، پۆلیس شوێنپەنجەی لەپی دەستی چەپی لە ماڵی دان دۆزیبووەوە، کە بە خنکێندراوی دۆزرابووەوە. شوێنپەنجەکە لەگەڵ شوێنپەنجەی 19 هەزار پیاو بەراورد کرا، بەڵام بێسوود بوو.
 
لەو کاتەدا، هێدلی کرێکارێکی هێڵی شەمەندەفەر بوو و تەنیا لە دەرەوەی ئەو ناوچەیە دەژیا، کە داوا لە پیاوان و کوڕان کرابوو شوێنپەنجەیان بدەن.
 
دوای گەیشتن بە بنبەست، پۆلیس بەڵگە توێکارییەکانی بۆ ماوەی نیو سەدە هەڵگرت. دواتر هەردوو پشکنینی دی ئێن ئەی و شوێنپەنجەی لەپی دەستی هێدلی، ئەنجامیان هاوتا دەرچوو.
 
کاتێک هێدلی مانگی تشرینی دووەمی رابردوو لە ماڵەکەی خۆیدا دەستگیر کرا، بە لێکۆڵەرانی گوتبوو، "نازانم باسی چی دەکەن. زۆر سەیرە."
 
شارلۆت ریم لە دەستەی داواکاریی گشتیی شاهانە گوتی، "بۆ ماوەی 58 ساڵ، ئەم تاوانە قێزەونە چارەسەرنەکراو بوو و رایلاند هێدلی، ئەو پیاوەی کە ئێستا دەزانین بەرپرسیارە، لە دادپەروەری هەڵات."
 
دوای سزادانەکە، ماری دەینتن، نەوەی لویسا دان، گوتی مردنی داپیرەی "کاریگەرییەکی بەرفراوانی لەسەر هەموو خێزانەکەم هەبووە."
 
دەینتن لە دەرەوەی دادگە گوتی، "من تەنیا 20 ساڵ بووم کاتێک داپیرەم مرد و ئێستا من بە نزیکەیی لە هەمان تەمەنی ئەودام کە تێیدا کوژرا."
 
پۆلیس رایگەیاند، ئێستا لێکۆڵینەوە لە دۆسیە کۆنەکانی دیکەش دەکەن کە رەنگە هێدلی پەیوەندیی پێوەیان هەبێت.
 
دەیڤ مارشانت لە پۆلیسی ئەیڤن و سۆمەرسێت گوتی، "رایلاند هێدلی ئێستا بە تاوانی سێ دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر ژنانی بەساڵاچوو لە ماڵەکانی خۆیاندا سزا دراوە. پێموایە ئەگەری زۆر هەیە کە تاوانی دیکەش هەبن، لە ساڵانی 60، 70 یان هەر ماوەیەکی دیکەدا، کە رەنگە هێدلی بەرپرسیار بێت لێیان."