مانگێکی دەستکردی لەکارکەوتوو دوای 60 ساڵ سیگناڵێکی بەهێز دەنێرێت و زانایان سەرسام دەکات
رووداو دیجیتاڵ
زانایانی بواری گەردوونناسی لە ئوسترالیا، ئاماژەیەکی (سیگناڵ) رادیۆیی نامۆ و بەهێزیان وەرگرت، کە بۆ ماوەیەکی کورت لە هەموو شتێکی دیکەی ئاسمان رووناکتر بوو.
دوای بەدواداچوون، دەرکەوت سەرچاوەی سیگناڵەکە مانگێکی دەستکردی ناسایە، کە لە ساڵی 1967ـەوە لەکارکەوتووە، ئەمەش پرسیاری نوێی لەبارەی مەترسییەکانی پاشماوەی بۆشایی ئاسمان دروستکردووە.
لە نێوەڕاستی مانگی حوزەیراندا، تەلەسکۆپی رادیۆیی ASKAP لە رۆژئاوای ئوسترالیا سیگناڵەکەی تۆمار کرد. سەرەتا، تیمەکە پێیانوابوو "تەقینەوەیەکی رادیۆیی خێرا"یان دۆزیوەتەوە، کە بریتییە لە تەقینەوەی وزەیەکی زۆر لە گەلەئەستێرە دوورەکانەوە.
کلانسی جەیمس، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە پەیمانگای کێرتن بۆ گەردوونناسی گوتی، "هەموومان زۆر دڵخۆش بووین، وامانزانی تەنێکی نەناسراومان لە نزیک زەوی دۆزیوەتەوە."
بەڵام دواتر دەرکەوت سیگناڵەکە لە شوێنێکی زۆر نزیکەوە هاتووە، نزیکەی 4,500 کیلۆمەتر (2,800 میل) لە زەوییەوە، بۆیە نەدەکرا تەنێکی گەردوونی بێت. تیمەکە سەرچاوەکەیان بۆ مانگێکی دەستکردی کۆنی ناسا بە ناوی Relay 2 گەڕاندەوە. جەیمس دەڵێت: "سەرەتا کەمێک نائومێد بووین، بەڵام دواتر بیرمان کردەوە، ئەرێ ئەمە چۆن روویداوە؟"
مانگی دەستکردی Relay 2 لە ساڵی 1964 لەلایەن ناساوە وەک مانگێکی دەستکردی تاقیکاری بۆ گەیاندن رەوانەی بۆشایی ئاسمان کرا و بۆ گواستنەوەی سیگناڵ لەنێوان ئەمریکا و ئەورووپا و پەخشکردنی ئۆڵۆمپیادی هاوینەی 1964 لە تۆکیۆ بەکارهات. دوای سێ ساڵ لەکارکەوت و بووە بەشێک لە پاشماوەکانی بۆشایی ئاسمان.
سیگناڵە تۆمارکراوەکە ماوەکەی تەنیا 30 نانۆچرکە (30 ملیارە بەشی چرکەیەک) بوو، بەڵام بەشێوەیەکی باوەڕپێنەکراو بەهێز بوو.
جەیمس دەڵێت، "سیگناڵەکە نزیکەی 2,000 بۆ 3,000 جار لە هەموو داتاکانی دیکەی رادیۆیی کە ئامێرەکەمان تۆماری دەکات رووناکتر بوو. بە جیاوازییەکی زۆر، رووناکترین شت بوو لە ئاسماندا."
پریشکێکی کورتکراوە
زانایان دوو گریمانەیان بۆ ئەم پریشکە بەهێزە هەیە. ئەگەری سەرەکی بریتییە لە کۆبوونەوەی کارەبای وەستاو (ستاتیک) لەسەر رووی کانزایی مانگە دەستکردەکە، کە لەناکاو بەهۆی (شۆرتکردن)ـی پارچەیەکەوە بەتاڵ بووەتەوە.
جەیمس روونیکردەوە، "ئەمە هەمان شتە کە پێیەکانت بە فەرشێکدا بخشێنیت و دواتر بە پەنجەت پریشکێک لە هاوڕێکەت بدەیت."
ئەگەرێکی لاوازتریش بریتییە لە پێکدادانی نەیزەکێکی بچووک بە مانگە دەستکردەکەدا، کە دەبێتە هۆی دروستبوونی پلازمایەکی گەرم و چڕ و دەرچوونی تەقینەوەیەکی رادیۆیی کورت.
مەترسیی تێکەڵکردن
ئەم رووداوە مەترسییەکی نوێ بۆ زانایانی گەردوونناسی دروست دەکات، ئەویش ئەگەری تێکەڵکردنی سیگناڵی پاشماوەی بۆشایی ئاسمان لەگەڵ سیگناڵە گەردوونییە راستەقینەکان.
لە سەرەتای سەردەمی بۆشایی ئاسمانەوە، نزیکەی 22,000 مانگی دەستکرد رەوانەی خولگە کراون و تەنیا کەمێک زیاتر لە نیوەیان هێشتا کاردەکەن، ئەوانی دیکە بوونەتە کێڵگەیەکی چڕ لە پاشماوەی مەترسیدار.
جەیمس دەڵێت، "ئێمە هەوڵدەدەین تەقینەوەی نانۆچرکەیی لە گەردوونەوە ببینین، ئەگەر مانگە دەستکردەکانیش بتوانن ئەمە بەرهەم بهێنن، ئەوا دەبێت زۆر وریابین. هەتا مانگی دەستکردی زیاتر رەوانە بکرێت، ئەم جۆرە تاقیکردنەوانە قورستر دەبن."
پسپۆڕانی دیکەش هاوڕان کە شیکارییەکە "لۆژیکییە" و جەخت لەوە دەکەنەوە، پێویستە شیکاریی ورد بکرێت بۆ جیاکردنەوەی سیگناڵەکان لە یەکدی. ئەوان دەڵێن، پرۆژە نوێیەکانی وەک تەلەسکۆپی SKA-Low کە لە ئوسترالیا دروست دەکرێت، دەتوانێت زانیاریی زیاتر لەسەر ئەم دیاردە نوێیە ئاشکرا بکات.