ترەمپ پێشوازی لە نەتەنیاهوو دەکات: 'چاوەڕێین لەبارەی ئاگربەستی غەززە رێبکەوین'
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، دووشەممەی داهاتوو لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆشکی سپی لەبارەی جەنگی غەززە و پرسی ئەتۆمیی ئێران کۆدەبێتەوە و ئاماژە بەوەش دەکات، هیوای هەیە لەبارەی کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە بگەنە رێککەوتن.
رۆژی سێشەممە، 01ی تەممووزی 2025، دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەڤانان رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو لە واشنتن چاوی بە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەکەوێت و لەگەڵی باسی دۆخی غەززە و پرسی ئەتۆمیی ئێران دەکات.
ترەمپ گوتی: "لەگەڵ نەتەنیاهوو زۆر پێداگر دەبم لە کۆتاییهێنان بە جەنگ لە غەززە و پێشموایە هەفتەی داهاتوو دەگەینە رێککەوتن."
سەرۆکی ئەمریکا هەروەها گوتی: "نەتەنیاهووش دەیەوێت کۆتایی بە جەنگ لە غەززە بهێنێت."
ترەمپ لەبارەی ئاگربەستی جەنگی غەززە گوتی: "هیوادارین رووبدات و چاوەڕێین هەفتەی داهاتوو رووبدات؛ دەمانەوێت بارمتەکان بگەڕێنینەوە."
بە گوێرەی میدیای ئەمریکا، پێشنیازی ستیف ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ ئاگربەست بریتییە لەوەی حەماس 10 بارمتە ئازاد بکات و تەرمی 18 بارمتەش لە ماوەی ئاگربەستێکی 60 رۆژیدا رادەست بکاتەوە.
پێشنیازەکە بەو جۆرەیە کە تەواوی بارمتە زیندووەکان ئازاد دەکرێن و تەرمەکانیش رادەست دەکرێنەوە، ئەگەر لایەنەکان گەیشتنە ئاگربەستی هەمیشەیی.
لەبارەی هەڵوێستی حەماس لەسەر ئەو پێشیازە، میدیای ئەمریکا بڵاویکردووەتەوە کە هەڵوێستی ئەو بزووتنەوەیە بەرامبەر پێشنیازەکەی ویتکۆف ئەرێنییە، بەڵام بە مەرجەوە، ئەویش ئەوەیە کە گەرەنتی دەوێت لەدوای کۆتاییهاتنی 60 رۆژی ئاگربەست ، ئیسرائیل دەست بەهێرشەکانی نەکاتەوە.
سەربارەت بە پرسی ئێران، ترەمپ رایگەیاند، هێرشەکان توانای ئەتۆمیی تارانیان "لەنێوبردووە"، هەرچەندە هێشتا مشتومڕ لەسەر ئاستی ئەو زیانە هەیە کە بەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران کەوتووە و راشیگەیاند، سەردانەکەی نەتەنیاهوو بۆ کۆشکی سپی "ئاهەنگ گێڕانێکی خێرا" دەبێت بەبۆنەی لەنێوبردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.