پنتاگۆن: عێراق وەک رابردوو نابێتەوە بە دەوڵەتێکی یەکپارچە
رووداو- واشنتن
بەرپرسێکی باڵای ئەنجوومەنی هەواڵگری وەزارەتی بەرگری ئەمریکا پنتاگۆن، ئاماژەی بەوە کردووە"عێراق ناتوانێت بگەڕێتەوە دۆخی جارانی و جارێکی دیکە نابێتەوە بە دەوڵەتێکی تەندروست".
میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردووەتەوە، کە جەنەراڵ ڤینسنت ستیوارت بەرپرسی ئاژانسی هەواڵگری پنتاگۆن لە کۆبوونەوەیەکی هەواڵگری پنتاگۆندا رۆژی پێنجشەممەی رابردوو بە راشکاوی باسی لەوە کردووە، کە" جارێکی دیکە عێراق ناتوانێت ببێتە دەوڵەتێکی یەکپارچە".
ئەو بەرپرسەی هەواڵگری پنتاگۆن بە راشکاوی ئاماژەی بەوە کردووە، کە" لە رۆژهەلاتی ناوەڕاستدا وڵات هەیە هەڵدەوەشێتەوە و پێدەچێت گرووپی ئیتنیکی هێڵی جیاواز بکێشێت".
هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە" عێراق یەکێکە لەو وڵاتانە و لە ئەگەری دابەشبوونی عێراق و جیابوونەوەی هەرێمی کوردستانیشدا، دەبێت ئەمریکا سیاسەتی خۆی بگۆڕێت".
راپۆرتێکی ئاژانسی فۆرین پۆلیسی ئەمریکی لەو بارەیەوە ئاشکرای کردووە بەهۆی ئەو پێشهاتانەو دابەشبوونی عێراق بۆ کورد، سوننە و شیعە، ئەمریکا ناچار دەبێت لەنێوان کوردە هاوپەیمانەکانی و حکومەتی تورکیا، کە ئەندامی ناتۆیە، یەکێکیان هەڵبژێرێت.
جەنەراڵ ستیوارت باسی لەوەش کردووە" ئەو بابەتە پێش چەند هەفتەیەک گفتوگۆی لەسەر کراوە، پێش ئەوەی تورکیا بڕیاری بەشداریکردن لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بدات و هێرشی ئاسمانی بۆسەر گەریلاکانی پەکەکە دەستپێبکات".
ئاژانسەکە نووسیویەتی ئەگەر تورکیا داوای هاوکاری لە ناتۆ بکات دژ بە پەکەکە، ئەوکاتە ئەمریکا دەکەوێتە دۆخێکی زۆر قورسەوە، چونکە لە هەمانکاتدا دەبێت ئەمریکا ئاگاداری هەڵوەشانەوەی سووریاش بێت کە تێیدا کورد بەشێکی دیکەن و بە دوای کیانی سەربەخۆدا دەگەڕێن.
ئەو ئاژانسە ئەمریکییە باسی لەوە کردووە" کورد لە رووی سەربازییەوە لە هاوپەیمانە نزیکەکانی ئەمریکایە و پەیوەندییە سەربازییەکانیان لە جەنگی دژ بە داعشدا تەواو گەشەی کردووە، بە تایبەت لەگەڵ کورد لە عێراقدا، بۆیە بڕیاردانی ئەمریکا و یەکلایی بوونەوە لەنێوان کورد و تورکیا بۆ ئەمریکا کارێکی تەواو قورس دەبێت".
هەواڵگری پنتاگۆن جگە لە سووریا و عێراق هۆشداری سەبارەت بە ئەگەری گۆڕانی نەخشەی وڵاتی یەمەنیش بەهۆی حوسییەکان داوە، جگە لە نیشاندانی نیگەرانی لە دۆخی ئوردون بەهۆی بوونی سەدان هەزار پەنابەری سووری لەو وڵاتەدا، کە هاوکات سنووری لەگەڵ داعشدا هەیە.