سەرۆکی مەکسیک: تاوەکو گەندەڵی هەبێ دەمامک نابەستم
رووداو دیجیتاڵ
مەکسیک شەشەم وڵاتە لەڕووی زۆریی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا، کەچی سەرۆکی وڵاتەکە دەڵێت تاوەکو گەندەڵی لە وڵاتەکەی بنبڕ نەکرێت، دەمامک بەکارناهێنێت.
ئەندرێ مانوێل لۆپێز، سەرۆکی مەکسیک هاوشێوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و جاییر بۆڵسۆنارۆی، سەرۆکی بەرازیل لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە، دەمامکی بەکارنەهێناوە، هەرچەندە بەم دواییانە ترەمپ جارێک بە دەمامکەوە دەرکەوت. لۆپێز هەرگیز هانی هاووڵاتییەکانیشی نەداوە دەمامک ببەستن، تەنیا جارێک نەبێت کە لەکاتی گەشتکردن بە فڕۆکەیەکی کەرتی تایبەت، ناچاربوو پابەندبێت بە یاسای کۆمپانیا فڕۆکەوانیەکە و دەمامک بەکاربهێنێت.
لە مەکسیک گەندەڵی هەموو جومگەکانی دەسەڵات و حکومەتی گرتووەتەوە، بەشێک لە هاووڵاتیانی ئەو وڵاتەش دەڵێن، بە مەرجکردنی نەمانی گەندەڵی بۆ بەکارهێنانی دەمامک لەلایەن سەرۆکەکەیانەوە واتای ئەوە دەگەیێنێت، کە سەرۆکی وڵاتەکەیان نایەوێت هیچ کات دەمامک بەکاربێنێت، چونکە پێیانوایە ئەستەمە گەندەڵی بە ئاسانی لە وڵاتەکەیاندا بنبڕبکرێت.
هاوکات یەکێک لە رۆژنامەڤانەکان پرسیاری لە سەرۆکی مەکسیک کرد کە کاردانەوەی چی دەبێت ئەگەر ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتەکەی بەکارهێنانی دەمامک بە یاسا بکاتە ناچاری، ئەندرێ مانوێل لۆپێز لە وەڵامدا گوتی "با ئەوە بەڵێن بێت. با خێراکەن کۆتایی بە گەندەڵی بێنن تاوەکو منیش دەمامک بەکاربێنم و چیدیکە قسە نەکەم".
ئەم ئاماژەدانەی سەرۆکی مەکسیک بە هەبوونی گەندەڵی لە وڵاتەکەی پێچەوانەی ئەو قسانەیە کە لە تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو رایگەیاندبوو، گەندەڵی و بەرتیل وەرگرتن لە وڵاتەکەیدا بنبڕکراون.
تاوەکو ئێستا لە مەکسیک زیاتر لە 424 هەزار و 630 تووشبووی کۆرۆنا تۆمارکراون و لەو ژمارەیەش لانیکەم 46 هەزار و 688 کەس گیانیان لەدەستداوە کە دەکاتە شەشەم بەرزترین رێژەی مردن بە کۆرۆنا لەسەر ئاستی جیهان.