حکومەتی بەریتانیا دان بە جینۆسایدی کوردانی ئێزدیدا دەنێت
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی بەریتانیا بە فەرمی تاوانەکانی داعش دژی کوردانی ئێزدی بە جینۆساید دەناسێنێت.
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "حکومەتی بەریتانیا ئەمڕۆ بە فەرمی دان بەوەدا دەنێت کە ساڵی 2014دا داعش خەڵکی ئێزدی جینۆساید کردووە."
ئەم هەنگاوەی حکومەتی بەریتانیا لە سەروبەندی نۆیەمین ساڵیادی هێرشی داعشە بۆ سەر شنگال و ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی لە دژی کوردانی ئێزدی.
لۆرد ئەحمەد، وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەڵێت: "نۆ ساڵ لەمەوبەر، خەڵکی ئێزدی لەسەر دەستی داعش تووشی نەهامەتیی گەورە بوون و کاریگەرییەکانی تا ئەمڕۆش هەستیان پێدەکرێت. دادپەروەری و لێپرسینەوە [لە تاوانکاران] بۆ ئەو کەسانە گرنگن کە ژیانیان وێران بووە."
لۆرد ئەحمەد دەشڵێت: "ئەمڕۆ دانپێدانانێکی مێژووییمان کرد بەوەی کە کردەوەی جینۆساید لە دژی خەڵکی ئێزدی ئەنجامدراوە. ئەم بڕیارە پابەندبوونی ئێمە بەهێزتر دەکات بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ئەوان قەورەبووی شایستە وەردەگرنەوە و بە دادپەروەرییەکی واتادار دەگەن."
وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئاماژە بەوە دەکات: "بەریتانیا بەردەوامدەبێت لە گێڕانی رۆڵێکی سەرەکی لە لەنێوبردنی داعش، لەنوێیاندا لە رێگەی ئاوەدانکردنەوەی ئەو کۆمەڵگەیانەی بەهۆی تیرۆری داعش زیانیان بەرکەوتووە."
لە 20ی نیسانی ساڵی 2016، ئەنجوومەنی نوێنەرانی بەریتانیا بە کۆی دەنگ پڕۆژە یاسایەکی پەسەندکردبوو بۆ ئەوەی دان بە جینۆسایدی کوردانی ئێزدیدا بنێت، سەرکۆنەی بکات و پرسەکەی بباتە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان.
حکومەتی بەریتانیا ئەو کات رەتیکردەوە دانی پێدابنێت، چونکە پێی وابوو دەبێت دامەزراوەیەکی دادوەریی سەربەخۆ بڕیار لەسەر تاوانەکانی جەنگ و جینۆساید بدات نەک حکومەت.
رازیبوونی حکومەتی بەریتانیا بۆ بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکانی داعش لە دژی کوردانی ئێزدی، دوای ئەوە دێت کە دادگەی فیدڕالیی ئەڵمانیا چەکدارێکی داعشی بە تاوانی جینۆساید سزادا.
رۆژی 19ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، پەرلەمانی ئەڵمانیا تاوانەکانی داعشی لە دژی کوردانی ئێزدی بە جینۆساید ناساند.
رۆژی 6-7-2021، پەرلەمانی هۆڵەندا لە کۆبوونەوەیەکدا بە زۆرینەی دەنگ هێرش و کارەکانی داعشی بەرامبەر کوردانی ئێزدی لە باشووری کوردستان بە جینۆساید ناساند.
رۆژی، 15-07-2021، پەرلەمانی بەلجیکا کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدیی لە لایەن داعشەوە بە جینۆساید ناساند و لە کۆی 150 پەرلەمانتار 139یان دەنگیان بە "بەڵێ" دا.
هێرشی 3ی ئابی 2014ی داعش بۆسەر شنگال
لە هێرشی داعش بۆسەر شنگال لە ساڵی 2014، داعش کوردانی ئێزدی کۆمەڵکوژ کرد و هەزاران کەسیشی رفاند. تاوەکو ئێستا 2713 کوردی ئێزدی بێسەروشوێنن کە 1270 کەسیان ژن و 1443 کەسیان پیاون.
لە هێرشەکەی 3ی ئابی 2014ی داعشدا، تەنیا شوێن ئێزدییەکان هانایان بۆ برد چیای شنگال بوو؛ ئەوانەی لە شەڕەکە هەڵاتن روویان کردە چیای شنگال؛ دواتر لەوێوە خۆیان گەیاندە رۆژئاوای کوردستان و پاشان زۆرینەیان لەڕێگەی دەروازەی سێمێلکا - پێشابوورەوە گەڕانەوە و لە شارەکانی هەرێمی کوردستان ئاوارەبوون و بەشێکیشیان روویانکردە وڵاتانی دەرەوە.
لە شنگال چی روویدا؟
— Rudaw (@Rudawkurdish) August 3, 2022
ئەم زانیارییانە لەبارەی پەلاماری داعش بۆسەر کوردانی ئێزدی لە شنگال لە ساڵی 2014 بزانە. pic.twitter.com/xeAO7UBo55
بەهۆی هێرشەکەوە زیاتر لە 325 هەزار ئێزدیی ئاوارەبوون؛ بەگوێرەی نوێترین ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی ئێزدییە رفێندراوەکان، بەهۆی هێرشی داعشەوە، 135 هەزار و 860 کەس ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، هەروەها 189 هەزار و 337 کەسیش ئاوارەی ناوچە دابڕاوەکانی باشووری کوردستان بوون و زیاتر لە 100 هەزار کەسیش کۆچبەری وڵاتان بوون.
لە هێرشەکەدا نزیکەی پێنج هەزار کەس کوژراون و دوو هەزار و 745 منداڵ بێ دایک و باوک بوون.
هەروەها شەش هەزار و 417 ئێزدی رفێندران، لە ژمارەیە سێ هەزار و 548 کەسیان لە رەگەزی مێ بوون و دوو هەزار و 869 کەسیش لە رەگەزی نێربوون؛ تاوەکو ئێستا سێ هەزار و 554 کەسیان ئازادکراون، کە لەنێویدا هەزار و 207 ژن، 339ی پیاو، هەزار و 51 منداڵی کچ و 957 منداڵی کوڕ هەن.
دوای هێرشەکانی داعش تاوەکو ئێستا، 83 گۆڕی بەکۆمەڵ و چەندین گۆڕی تاکە کەسیی ئێزدییەکان لە شنگال و دەورووبەری دۆزراونەتەوە.