پووتین: بە ئەرێنییەوە لە گفتوگۆکان لەگەڵ ئۆکراینا دەڕوانم

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، هێزەکانیان لە ئۆکراینا لە پێشڕەویدان، بەڵام دەشیانەوێت گفتوگۆی ئاشتی لەگەڵ کیێڤ بکەن، هەرچەندە ئامانجەکانی جەنگیان لەگەڵ ئەو وڵاتە نەگۆڕاون. 
 
رۆژی هەینی 1ی ئابی 2025، ڤلادیمیر پووتین لە مۆسکۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "هێزەکانمان لە ئۆکراینا لە پێشڕەویدان". دەشڵێت، "وڵاتانی رۆژئاوا یەک ئامانجیان هەیە ئەویش راگرتنی پێشڕەویمانە لە ئۆکراینا بە هەر نرخێک بێت". 
 
رۆژی 27ی تەممووز، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا مۆڵەتێکی 10 - 12 رۆژی بە رووسیا دا بۆ ئاگربەست لەگەڵ ئۆکراینا، بەڵام بەرپرسانی مۆسکۆ دەڵێن، گوێ بەو هەڕەشانە نادەن. ترەمپیش دەڵێت، ئەگەر ئاگربەست نەکرێت، سزای تووند بەسەر مۆسکۆدا دەسەپێنێت.
 
لە رۆژی پێنجشەممەوە رووسیا هێرشی چڕ دەکاتە سەر شاری کیێڤ. بە گوێرەی بەرپرسانی ئۆکراینا، لەو رۆژەوە تاوەکو نیوەڕۆی هەینی تەنیا لە هێرشەکانی سەر کیێڤ 31 کەس کوژران و 130ی دیکەش بریندار بوون. 
 
بەگوێرەی هێزی ئاسمانیی ئۆکراینا، رووسیا بە 309 درۆنی شاهید و هەشت مووشەکی کروس هێرشیکردە سەر وڵاتەکەیان. لە درۆنەکان 288یان خرانە خوارەوە. لە ماوەی ساڵێکدا رووسیا بە 38 هەزار درۆن هێرشی کردووەتە سەر ئۆکراینا؛ 70٪ی هێرشەکان، لە شەش مانگی دووەم بووە.
 
سەرۆکی رووسیا گوتی، "بە ئەرێنییەوە لە گفتوگۆکانی رووسیا و ئۆکراینا دەڕوانم و سەدان کەس گەڕاونەتەوە ماڵەکانیان". هەروەها گوتی: "ئەگەر هەر کەسێک خەمبار بێت بە گفتوگۆکانی ئێستا، مانای وایە زێدەڕۆیی لە پێشبینییەکانی کردووە". 
 
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا دوای ئەو قسانەی پووتین رایگەیاند، ئەگەر ئەو ئاماژانەی لە رووسیاوە بۆ ئاگربەست و ئاشتی دێن "راست بن"، ئەوانیش ئامادەن بۆ گفتوگۆ. گوتیشی، هیوادارن ئەو قسانە بۆ خۆدوورگرتن لە سزاکانی رۆژئاوا نەبن. 
 
رۆژی 23ـی تەمموزی 2025 شاندی ئۆکراینا و رووسیا لە تورکیا کۆبوونەوە و چەند پرسێکیان تاوتوێ کرد، لەوانە ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکان و رێگەخۆشکردن بۆ رێکخستنی ئەگەری کۆبوونەوەیەک لەنێوان ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا و هاوتا رووسییەکەی، ڤلادیمیر پووتین. پێشتریش چەند جارێک کۆبوونەوە لەنێوان تیمەکانیاندا هەبووە، بەڵام نەبووە هۆی ئاگربەست. 
 
سەرۆکی رووسیا دەڵێت، "هێشتا ئامانجەکانمان لە جەنگی ئۆکراینادا نەگۆڕاون". 
 
بەرپرسانی رووسیا چەند جارێک ئاماژەیان بەوە کردووە، نایانەوێت بەبێ بەدەستهێنانی ئامانجەکانیان لە ئۆکراینا لە جەنگەکە بێنە دەرەوە، کە ئەوانیش وەرگرتنی گەرەنتی ئەندامنەبوونی ئۆکراینایە لە ناتۆ و مانەوەی هێزەکانیانە لەو ناوچانەی ئۆکراینا، کە کۆنترۆڵیان کردوون.