لە فینلاند بەکارهێنانی مۆبایل لە هۆڵەکانی خوێندن قەدەخە کرا
رووداو دیجیتاڵ
فینلاند یاسایەکی نوێی بۆ قەدەخەکردنی مۆبایل لە قوتابخانەکاندا دەرکرد و لەگەڵ کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکاندا دوای پشووی هاوینە، یاساکە چووە واری جێبەجێکردنەوە.
فینلاند، کە خاوەنی یەکێک لە باشترین سیستمەکانی خوێندنە لە جیهاندا، لە ماوەی رابردوودا ئاستی لە ریزبەندیی رێکخراوی هاوکاری و گەشەپێدانی ئابووری (OECD) دابەزیوە، کە توانای گەنجانی تەمەن 15 ساڵ لە بوارەکانی بیرکاری، خوێندەواری و زانستە سرووشتییەکاندا دەپێوێت.
لە مانگی نیساندا، هەموارێک لە یاسای پەروەردەی بنەڕەتیدا پەسند کرا، کە بەکارهێنانی مۆبایل لەلایەن قوتابییانی تەمەن 7 بۆ 16 ساڵی لە کاتی وانەکاندا قەدەخە دەکات.
بەپێی یاسا نوێیەکە، مۆبایل و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی دیکە تەنیا بە مۆڵەتی مامۆستا و بۆ مەبەستی فێربوون، وەکو یارمەتیدەرێک یان لەبەر هۆکاری تەندروستی دەتوانرێت بەکاربهێندرێت.
میدیای فەرمیی فینلاند بڵاویکردەوە، تەنانەت قوتابخانەیەک لە شارۆچکەی ڤارکاوس لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکە، نزیکەی 700 قوتابی ناچار دەکات کە مۆبایلەکانیان بە درێژایی رۆژ، تەنانەت لەکاتی پشووەکانیشدا، لەنێو جانتاکانیان یان لەناو دۆڵابی تایبەتدا بهێڵنەوە.
لە شاری تامپێرێ لە رۆژئاوای فینلاند، قوتابییان دەتوانن لەکاتی پشووەکاندا مۆبایلەکانیان بەکاربهێنن، بەڵام تەنیا لە دەرەوەی باڵەخانەی قوتابخانەکە.
ئاژانسی نیشتمانیی فینلاند بۆ پەروەردە، داوای رێکاری تووندتری کردووە لەوەی لە یاساکەدا هاتووە و پێشنیازی کردووە، کە بەکارهێنانی مۆبایلەکان لەکاتی نانخواردندا قەدەخە بکرێت و لەکاتی پشووەکانیشدا سنووردار بکرێت.
لە دوایین هەڵسەنگاندنی رێکخراوی OECD بۆ ساڵی 2022دا 41%ی قوتابییانی فینلاند رایانگەیاندووە، بەکارهێنانی ئامێرە دیجیتاڵییەکان لە هەموو یان زۆربەی وانەکانی بیرکاریدا سەرنجی لاداون، ئەمەش رێژەیەکی بەرچاو بەرزترە لە تێکڕای رێژەی رێکخراوەکە کە 31% بووە.