کودەتاکەی گابۆن بەرژوەندییەکانی فەرەنسا لە ئەفریقا زیاتر دەخاتە مەترسییەوە
رووداو دیجیتاڵ
خەڵکی لیبرێڤیلی پایتەختی گابۆن بەهۆی کۆتاییپێهێنانی فەرمانڕەوایی بنەماڵەیەک کە بۆ ماوەی 55 ساڵ کورسیی دەسەڵاتی وڵاتەکەیان قۆرخکردبوو، دڵخۆشن.
30ی ئاب، بردنەوەی خولی سێیەمی سەرۆکایەتیی عەلی بۆنگۆ راگەیێندرا، بەڵام سوپا رایگەیاند، سەرۆک ساختەکاریی لە هەڵبژاردنەکاندا کردووە و کودەتایان بەسەردا کرد.
هاووڵاتییەکی لیبرێڤیلی گابۆن دەڵێت، "ئەمە سەربەخۆییە. وڵاتەکەمان ئازادکرا. ئێمە ئازادبووین."
عەلی بۆنگۆ، نزیکەی چواردە ساڵ سەرۆکی گابۆن بوو، پێش خۆشی عومەر بۆنگۆی باوکی نزیکەی 42 ساڵ لەسەر ئەو کورسییە بوو، کە مردن لێی جیاکردەوە.
هاووڵاتییەکی دیکەی لیبرێڤیلی گابۆن دەڵێت، "دەمەوێت سوپاسی سوپا بکەم. پێشانی خەڵکی گابۆنیاندا کە ئەوان لە بەرەی ئێمەن."
کودەتاکە لەکاتێکدایە کە سێیەکی هاووڵاتیانی گابۆن لە ژێر هێڵی هەژاریدان. لە کاتێکدا بنەماڵەی سەرۆکی کودەتابەسەرداکراو تۆمەتبار دەکرێت بەوەی بە نەوتی وڵاتەکەی بووەتە خاوەنی ملیۆنان دۆلار و چەندین کۆشکی شاهانەشی لە نێوجەرگەی پاریسی پایتەختی فەرەنسا هەیە.
هاوشێوەی باوکی، عەلی بۆنگۆ هاوپەیمانی نزیکی فەرەنسا بوو. لادانی ئەو سەرۆکە، دووەم گورز بوو لە ماوەی کەمتر لە 5 هەفتە، لە ئەفریقا بەر بەرژوەندییەکانی فەرەنسا بکەوێت لە دوای کودەتای نەیجەر.
گابۆن دەکەوێتە رۆژئاوای ئەفریقا؛ 2 ملیۆن و 341 هەزار دانیشتووی هەیە. بە گوێرەی ئۆپێک، 26 ملیار مەتر سێجا گازی سرووشتی و 2 ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگەی هەیە. ئەم وڵاتە، بە گوێرەی داتاکانی روانگەی کۆمەڵگەی ئابووری OEC، لە ساڵی 2021دا، 3.61 ملیار دۆلار لە نەوت، 1.34 ملیار دۆلار لە مەنگەنیز، 534 دۆلار لە دار و تەختە و 34.5 ملیۆن دۆلاری لە زێڕ دەستکەوتووە.
فەرەنسا نزیکەی 80 کۆمپانیای لە گابۆن هەیە، دیارترینیان ئێرامێت-ە کە لەبواری دەرهێنانی کانزاکان کاریدەکرد، بەڵام لە دوای کودەتاکەوە وەستاوە.
پاریس لابردنی هاوپەیمانەکەی لە دەسەڵات سەرکۆنەدەکات، بەڵام یەکێتیی ئەوروپا، بەهۆی گومانی ساختەکاریی هەڵبژاردن، هەڵوێستەکەی نەرمترە.
ئۆلیڤیێر ڤاران، گوتەبێژی حکومەتی فەرەنسا دەڵێت، "فەرەنسا کودەتای سەربازیی گابۆن سەرکۆنە دەکات و لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکات."
جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپاش لەبارەی کودەتاکەوە رایگەیاند، "کودەتای سەربازی نابێتە چارەسەر، بەڵام دەبێ لە بیرمان نەچێ کە هەڵبژاردنەکانی گابۆن پڕبوون لە پێشێلکاری. کودەتای سەربازی هەیە و کودەتای دامەزراوەییش هەیە کە چەکی تێدا بەکارناهێنرێت."