دیوارێک لە پێرو کە لەنێوان ناوچە دەوڵەمەندنشین و هەژارنشینەکان دروستکرابوو، رووخێندرا
رووداو دیجیتاڵ
بە بڕیاری دادگەی باڵای پێرو، بەشێکی ئەو دیوارەی کە بە "دیواری شەرمەزاری" ناسرابوو و چەندین ساڵە لەنێوان ناوچە دەوڵەمەندنشین و هەژارنشینەکانی شاری لیمای پایتەختی وڵات دروستکرابوو، رووخێندرا و دادگەکەش ئاماژە بەوە دەکات، دیوارەکە دەبێت لە ماوەی 180 رۆژدا بە تەواوەتی بڕووخێندرێت.
ئەمڕۆ هەینی 1ی ئەیلوولی 2023 گوستاڤۆ گوتێرێز، دادوەری دادگەی باڵای پێرو بە میدیای وڵاتەکەی گوت، "بە کۆی دەنگ، بڕیارماندا ئەو دیوارەی ناوچەکانی لامۆنیلا و ڤیلا مارییا لە یەکدی جیادەکاتەوە، دەبێت بڕووخێندرێت."
ئەو دادوەرەی دادگەی باڵای پێرو گوتیشی، "دیوارەکە، بەربەستێکی جیاکەرەوەیە و ناکرێت ئێمە چینە کۆمەڵایەتییەکانی پێرو بەو جۆرە لە یەکدی جیابکەینەوە؛ ئەوە شتێکی قبووڵنەکراوە و لە هیچ شوێنێکی ئەم جیهانەدا ئەوە نەماوە."
دیوارەکە لە نێوەڕاستی شاری لیما بە مەبەستی لێکجیاکردنەوەی هەردوو ناوچەی لامۆنیلا و ڤیلا مارییا کە دوو ناوچەی هەژارنشین و دەوڵەمەندنشینی شارەکەن دروستکراوە.
درێژی دیوارەکە 10 کیلۆمەترە و بەرزییەکەشی لە هەندێک ناوچە دەگاتە 2 مەتر و لە هەندێک ناوچەش سەر لێواری دیوارەکەیان تەلبەند کردووە و هیچ دانیشتوویەکی ناوچە هەژارنشینەکە ناتوانێت بچێتە نێو ناوچە دەوڵەمەندنشینەکە.
دروستکردنی دیوارەکە دەگەڕێتەوە بۆ هەشتاکانی سەدەی رابردوو کە بە مەبەستی رێگریکردن لەو گرووپانە دروستکرا پێرو بە تیرۆریستیان دەناسێت. هەرچەندە لە ساڵی 2000 گرووپەکە بە تەواوەتی شکستی پێهێندرا، بەڵام دیوارەکە هەر مایەوە و نەڕووخێندرا.
ساڵی 2017 دانیشتووانی ناوچەی هەژارنشینی لیما لە پۆلیس سکاڵایان کرد و داوایان کرد دیوارەکە بڕووخێندرێت.
کۆماری پێرو دەکەوێتە رۆژئاوای ئەمریکای باشوور و هاوسنوورە لەگەڵ ئیکوادۆر، کۆلۆمبیا، بۆلیڤیا و چیلی. ژمارەی دانیشتوانی زیاتر لە 35 ملیۆن کەس دەبێت و وڵاتەکە بە سەرچاوەی کانزاییەکانی وەکو مس، ئاسن و فۆسفات بەنێوبانگە.