وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان: لانیکەم 622 کەس بەهۆی بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان دەڵێ، لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەی شەوی رابردوو لانیکەم 622 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە هەزار و 500ی دیکەش بریندار بوون.
 
بە گوێرەی ناوەندی توێژینەوەی زەویناسیی ئەڵمانیا، کاژێر 11:47ـی خولەکی شەوی یەکشەممە بە کاتی ناوخۆ، واتە 9:17 خولەک بە کاتی هەولێر، بوومەلەرزەیەک لە پارێزگای کونەری باکووری رۆژهەڵاتی ئەفغانستان نزیک سنووری پاکستان روویداوە.
 
عەبدولمەتین قانی، گوتەبێژی وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کرد، بوومەلەرزەکە زۆرترین زیانی بە پارێزگەی کونار گەیاندووە و دەڵێت، لەو 622 کەسەی گیانیان لەدەستداوە "610یان لە کونار گیانیان لەدەستداوە و هەزار و 300ی دیکەش لەو پارێزگایە بریندار بوون؛ هەروەها چەندین خانوو وێران بوون."
 
گوتەبێژەکە باسی لەوە کرد، لە پارێزگای نەنگەرهاریش 12 کەس گیانیان لەدەستداوە و 255 کەسیش بریندار بوون. 
 
تیمە فریاگوزارییەکان لە چەندین قەزای ئەو پارێزگا شاخاوییەدا سەرقاڵی بەهاناوەچوون و رزگارکردنی لێقەوماوان.
 
بەرپرسێکی خۆجێیی ئەفغانستان رایگەیاند، سەتان بریندار گەیێندراونەتە نەخۆشخانە و بە ئەگەری زۆرەوە ژمارەکە بەرزتریش دەبێتەوە.
 
چەقی بوومەلەرزەکە لە نزیک جەلال ئابادی پایتەختی پارێزگای نەنگەرهار و بە قووڵایی 14 کیلۆمەتر بووە. جەلال ئاباد نزیکەی 119 کیلۆمەتر لە کابوولی پایتەختەوە دوورە.
 
دوای نزیکەی 20 خولەک، بوومەلەرزەیەکی دیکە بە گوڕی 4.5 پلە و لە قووڵایی 10 کیلۆمەتر لە هەمان پارێزگەی دا. دواتریش بوومەلەرزەیەکی دیکە بە گوڕی 5.2 پلە و لە هەمان قووڵایی روویدا.
 
وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند، بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، تەنیا لە گوندێکدا 30 کەس گیانیان لەدەستداوە.
 
شەڕەفەت زەمان، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی گوتی: "ژمارەی قوربانییان و برینداران بەرزە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ناوچەکە شاخاوییە و رێگەی سەختە" گەیشتن پێیان ئاسان نییە. 
 
لە تشرینی یەکەمی 2023 بوومەلەرزەیەکی بەهێز ئەفغانستانی هەژاند کە بە گوێرەی حکومەتی ئەفغانستان، لانیکەم چوار هەزار گیانیان لەدەستدا.