800 کەس بەهۆی بومەلەرزەکەی ئەفغانستان گیانیان لەدەستداوە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئەفغانستان رایدەگەیێنن، بەهۆی بوومەلەرزەکەی شەوی یەکشەممە کە لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە روویدا، ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە 800 کەس و لانیکەم 2 هەزار و 500 کەسیش بریندار بوون.
بوومەرلەرزەکە لە قووڵایی 8 کیلۆمەتر و لە دووری 27 کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی جەلالئاباد لە ئەفغانستان روویدا. ئاژانسی جیۆلۆجی ئەمریکا (USGS) گوڕی بوومەلەرزەکەى بە 6 پلەى رێختەر پێوانە کردووە.
بە گوتەى بەرپرسان، ژمارەی گیانلەدەستدان و برینداربوون لە بەرزبوونەوەدایە، تیمەکانی فریاگوزاریش بەردەوامن لە گەڕان بەدوای ئەو کەسانەى لەژێر داروپەردوى باڵەخانەکاندان.
قوربانییەکانی بوومەلەرزەکە لە ناوچەکانی نوور گال، ساوکی، واتپوور، مانۆگی و چاپا داراى سەر بە پارێزگاى کونار بوون.
بەهۆی داڕووخانی بەشێک لە شاخەکان، رێگەکانی نێوان دیوا گول لە ساوکی و مەزار دارا لە نوور گول بە تەواوەتی داخراون.
دەسەڵاتدارانی ئەفغانستان هێلیکۆپتەریان بۆ گواستنەوەى بریندارەکان بەکارهێناوە، چونکە رێگاکان بەهۆی داڕووخانی بەشێک لە شاخەکان بەربەستیان بۆ دروست بووە، کە رێگری لە گەیشتنی تیمەکانی فریاگوزاری دەکەن بەو ناوچانەی زیانیان بەرکەوتووە.
تاوەکو ئێستا 35 گەشت لە فڕۆکەخانەی نانگارهارەوە بۆ ناوچەی کونار کراون و 335 بریندارییان گواستووەتەوە بۆ نەخۆشخانەی هەرێمی نانگارهار و هەوڵەکانیش بۆ گواستنەوەی بریندارەکانی دیکە بەردەوامن.
چین و نەتەوە یەکگرتووەکان هاوخەمن
نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیان یارمەتی بەرپرسانی ئەفغانستان دەدات بۆ ئەوەی بتوانن ئۆپەراسیۆنێکی باشتری رزگارکردنی خەڵک بەڕێوەببەن.
نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "زۆر خەمبارین بەهۆی بومەلەرزە وێرانکەرەکەى رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، کە سەدان کەس گیانیان لەدەستدا و زۆری دیکەش برینداربوون."
هاوکات شی جین پینگ، سەرۆکی چینیش هاوخەمی خۆی بۆ قوربانییانی بومەلەرزەکە دەربڕی.
سەرۆکی چین لە کۆبوونەوەی رێکخراوی هاوکاری شەنگەهای(SCO) پڵەس لە شاری تیانجین لە باکووری چین گوتی، "هیوادارم حکومەت و گەلی ئەفغانستان بە زووترین کات بەسەر سەختییەکاندا زاڵ بن و ماڵەکانیان ئاوەدان بکەنەوە."