حکومەتی ئەمریکا داخرا؛ 750 هەزار کارمەندی فیدراڵیی وڵاتەکە بەشێوەیەکی کاتی دەنێردرێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ چوارشەمە لەدوای کاژێر 07:00ی بەیانییەوە بەکاتی هەولێر، حکومەتی ئەمریکا زۆربەی کارەکانی خۆی راگرت، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ناکۆکیی قووڵی نێوان کۆماری و دیموکراتەکان رێگر بوو لە رێککەوتنی کۆنگرێس و کۆشکی سپی لەسەر بودجە.
داخرانی ئەمجارەی حکومەتی ئەمریکا، دەبێتە 15یەمین داخران لەدوای ساڵی 1981ـەوە و پەککەوتنی راگەیاندنی ئامارە گرنگە ئابوورییەکانی ئەمریکا، سستبوونی گەشتە ئاسمانییەکان و وەستانی توێژینەوە زانستییەکانی لێدەکەوێتەوە.
داخرانەکە هەروەها دەبێتە هۆی ناردنەوەی 750 هەزار کارمەندی فیدراڵی بۆ ماڵەوە بەشێوەیەکی کاتی و تاوەکو چارەسەرکردنی کێشەکە، کە کۆی مووچەی رۆژانەی ئەو کارمەندانە 400 ملیۆن دۆلارە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە پێشتر لە پلانیدا بوو 300 هەزار کارمەندی فیدراڵی کەم بکاتەوە، هەڕەشەی لە دیموکراتەکانی کۆنگریس کردووە، داخرانی حکومەت رێگە بۆ دەرکردنی کارمەندانی فیدراڵی خۆش دەکات.
ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا لە دوایین ساتەکان، پێش داخستنی حکومەتی ئەمریکا، ناکۆک بوون لەسەر پەسەندکردنی پرۆژەیاسایەک بۆئەوەی حکومەتی ئەمریکا تاوەکو مانگی 11ی ئەم ساڵ پارەدار بکات.
دیموکراتەکان داوا دەکەن هەندێک بڕگەی تایبەت زیاد بکرێت بۆ پاڵپشتیی تەندروستیی هاووڵاتییان، بەڵام کۆمارییەکان دژی وەستانەوە، پێیانوایە ئەوە بابەتێکی جیاوازە و رازی نەبوون لە پرۆژە یاساکەدا بگونجێندرێت.
بودجەی ساڵانەی حکومەتی ئەمریکا لە 30ی ئەیلوول، ماوەکەی کۆتایی دێت و بەبێ یاسای نوێ، حکومەت بێ بودجە دەبێت.
داخرانی حکومەتی ئەمریکا ئەو بەشە لە بودجەی ئەمریکا پەکدەخات کە نزیکەی 1.6 تریلیۆن دۆلارە و بە (خەرجییە ئارەزوومەندانەکان) ناسراوە.
نزیکەی 700 ملیار دۆلار لەو بڕە بۆ خەرجییەکانی بەرگری دەگەڕێتەوە و 900 ملیاری دیکەش خەرجییەکانی دەرەوەی بەرگرین.
خەرجییە ئارەزوومەندانەکان لەلایەن کۆنگریسی ئەمریکاوە وەک بودجەی ساڵانە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و دەنگی لەسەر دەدرێت.
بودجەی خەرجییە گشتییەکانی ئەمریکا زۆر گەورەترە و نزیکەی 7 تریلیۆن دۆلارە. جگە لە خەرجییە ئارەزوومەندانەکان، خەرجییەکانی دیکە کە بریتین لە خەرجیی بیمەی کۆمەڵایەتی، بیمەی تەندروستی بەساڵاچووان، یارمەتی تەندروستیی خێزانە کەمداهاتەکان، بودجەی خانەنشینانی سەربازی و سوودی سەر قەرزەکان، بە یاسای هەمیشەیی رێکدەخرێن و خۆکارانە نوێدەبنەوە.
داخرانی حکومەتی ئەمریکا هەندێ خزمەتگوزاری کارگێڕی وەک، ئیدارەی پارک و مۆنیۆمێنتەکان، پێدانی ڤیزە و بەرنامە و کاری ناوەند و دامەزراوەکانی وەک ناوەندی کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکان و پەیمانگەی نیشتمانیی تەندروستی پەک دەخات.