کۆچ و پەنابەرانی ئەڵمانیا بۆ رووداو: هەر پەناخوازێک کەیسەکەی رەتبکرێتەوە، دیپۆرت دەکرێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

میدیای ئەڵمانیا دەڵێت، حکومەتی وڵاتەکەی رۆژی سێشەممە 30ی ئەیلوول 50 کەسی لە فڕۆکەخانەی شاری دووسڵدۆرفی هەرێمی نۆردراین ڤێستفاڵنەوە دیپۆرتی عێراق کردووەتەوە. بەپێی وەزارەتێکی هەرێمەکە، 41 کەس لەوان لەو هەرێمە بوون و 7 کوردی ئێزدییش لەنێو دیپۆرتکراوەکاندان.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 1ی تشرینی یەکەمی 2025 دەزگای فیدراڵیی کۆچ و پەنابەرانی ئەڵمانیا (BAMF)، سەر بە وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەر کەسێک مافی پەنابەری وەرنەگرێت و فەرمانی دەرکردن لە ئەڵمانیای بۆ بدرێت، بێ رەزامەندیی خۆی دیپۆرت دەکرێتەوە.
 
ئەمە یەکەم دیپۆرتکردنی عێراقییەکان و کوردانی ئێزدی نەبوو؛ لە مانگی حوزەیران دا ئەڵمانیا 43 کەسی لە شاری لایپزیگەوە دیپۆرت کردەوە؛ لە شوباتی ئەم ساڵیش لە هانۆڤەرەوە 47 کەس گەڕێندرانەوە عێراق.
 
بەپێی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا، ساڵی رابردوو 816 کەسی خاوەن ناسنامەی عێراقی دیپۆرت کراونەتەوە.
 
وەڵامی دەزگای فیدراڵیی کۆچ و پەنابەرانی ئەڵمانیا بۆ رووداو:
 
"دەزگای فیدراڵی پرۆسەی پێدانی مافی پەنابەری بەڕێوەدەبات و بڕیار دەدات کە ئایا پارێزراوی بدرێتە کەسێک یان داواکاریی پەنابەرێتیی رەتبکرێتەوە. ئەگەر دەزگای فیدراڵی دوای لێکۆڵینەوە لە داواکاریی پەنابەری بگاتە ئەو ئەنجامەی کە هۆکاری پاراستنی ژیان بوونی نییە، دەزگای فیدراڵی فەرمانی دەرکردن دەدات و دەڵێت، دەکرێت پەناخواز بێ رەزامەندیی خۆیشی بۆ وڵاتەکەی دیپۆرت بکرێتەوە. بەڵام جێبەجێکردنی دیپۆرتکردن لە بەرپرسیارێتیی دەزگای فیدراڵی نییە، بەڵکو لە بەرپرسیارێتیی هەرێمەکاندایە.."