سەرۆکی ئەمریکا: گرنگە گفتوگۆی راستەقینەی سووریا و ئیسرائیل بپارێزرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، تاوەکو ئێستا رازین بەو گۆڕانکارییانەی لە سووریا کراون و پێویستە بەردەوام بن بۆ ئەوەی ببێتە وڵاتێکی "راستەقینە و ئاوەدان". دەشڵێت، پێویستە گفتوگۆکانی سووریا و ئیسرائیل بەردەوامبن و رێگریش لە هەر رووداوێک بکرێت کە دۆخەکە خراپ بکات. 
 
رۆژی دووشەممە، 1ی کانوونی یەکەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تروس سۆشیال راگەیێندراوێکی لەبارەی سووریا بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، ئەمریکا "زۆر رازییە لەو ئەنجامانەی لە رێگەی کارکردنی سەخت و پێداگرییەوە لە سووریا بەدەستهاتوون". 
 
رۆژی 8ی کانوونی یەکەمی رابردوو، گرووپە چەکدارەکانی ئەو کاتی سووریا توانیان حکومەتی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی وڵاتەکە لە دەسەڵات دووربخەنەوە و ئەویش وڵاتەکەی جێهێشت. 
 
دواتر، حکومەتێک لەلایەن ئەو گرووپانەوە پێکهات. ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی رۆژئاواش ژمارەیەک داواکارییان لە حکومەتی وڵاتەکە کردووە، لەوانە نەبوونی مەترسی بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ و رێزگرتن لە پێکهاتەکانی سووریا و بەشداریپێکردنیان لە حکومەتی وڵاتەکە. 
 
سەرۆکی ئەمریکا لە نووسینەکەیدا دەشڵێت، "هەموو شتێک دەکەین لە چوارچێوەی توانای خۆماندا بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی حکومەتی سووریا بەردەوام بێت لە ئەنجامدانی ئەوەی مەبەست بوو، بە مەبەستی بنیاتنانی وڵاتێکی راستەقینە و ئاوەدان." گوتیشی، یەکێک لەو شتانەی زۆر یارمەتی ئەوانی دا، کۆتاییهێنانم بوو بە سزای زۆر بەهێز و تووند، کە باوەڕم وایە ئەمە بەڕاستی لەلایەن سووریا، سەرکردایەتییەکەی و گەلەکەیەوە بەرز نرخێنرا." 
 
ساڵی 2011، هاووڵاتییانی سووریا دەستیان بە دەربڕینی ناڕەزایەتی دژی رژێمی ئەسەد کرد. دواتر، خۆپێشاندانەکە فراوان بوو و ژمارەیەک گرووپی چەکداریش دەستیان بە جووڵە کرد. هەروەها، حکومەتی سووریا تۆمەتبارکرا بەوەی چەکی کۆمەڵکوژی لە دژی خەڵکی بەکارهێنابێت و چەندین تۆمەتی دیکەشی ئاڕاستەکرا. 
 
ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا ژمارەیەک سزایان بەسەر سووریا و سەرۆکی وڵاتەکەدا سەپاند کە دیارترینیان سزای قەیسەر بوو. ئەمساڵ، سەرۆکی ئەمریکا، نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی ئەورووپا زۆرینەی سزاکانیان هەڵگرت. 
 
سەرۆکی ئەمریکا لە نووسینەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، "زۆر گرنگە کە ئیسرائیل گفتوگۆیەکی بەهێز و راستەقینە لەگەڵ سووریا بپارێزێت و هیچ شتێک روونەدات کە ببێتە هۆی رێگری لە گۆڕانی سووریا بۆ دەوڵەتێکی ئاوەدان." 
 
جەختی لەوەش کردەوە، "ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بە دڵسۆزییەوە کار دەکات بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی شتی باش رووبدەن و هەم سووریا و هەم ئیسرائیل پێکەوە پەیوەندییەکی درێژخایەن و گەشەسەندوویان هەبێت." 
 
دوای رووخانی رژێمی ئەسەد، سوپای ئیسرائیل بە بیانووی پاراستنی هاووڵاتییانی لە باکووری وڵاتەکەی و دروزەکانی سووریا لە هێرشەکانی گرووپە چەکدارەکان دەستی بە ئۆپەراسیۆنی زەوینی بۆ سەر ناوچە لە چەک داماڵدراوەکانی نێوانیان لەگەڵ سووریا کرد. 
 
دوایین ئۆپەراسیۆنی سوپای ئیسرائیلیش بۆ سەر ئەو ناوچانە رۆژی هەینی رابردوو بوو کە تێیدا سوپای ئیسرائیل هێرشێکی کردە سەر باشووری سووریا و ئەو هێرشە بووە هۆی کوژرانی 13 کەس و برینداربوونی 24 کەسی دیکە.
 
هێرشەکەی ئیسرائیل بۆسەر گوندی بەیت جن لە باشووری سووریا، لەدوای ئەوە دێت کە هەوڵیان داوە دوو ئەندامی گرووپی چەکداریی جەماعەی ئیسلامی دەستگیر بکەن و رایانگەیاندبوو، ئەو گرووپە چەکدارییە کە بنکەیان لە لوبنانیش هەیە، پلانیان هەبووە هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل.
 
هەرچەندە بەرپرسانی دیمەشق و تەلئەڤیڤ لە ئازەربایجان و فەرەنسا ژمارەیەک کۆبوونەوەیان کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا رێککەوتنی کۆتایی لە نێوانیاندا نەکراوە.