رووداو پرسی ئۆتۆنۆمی کوردانی رۆژئاڤا لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش تاوتووێ دەکات

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رایدەگەیەنێت، پرسی ئۆتۆنۆمی بۆ کورد و کەمینەکانی دیکەی سووریا بابەتێکی ناوخۆییە و پێویستە خودی سوورییەکان بڕیاری لەسەر بدەن، نەک لە دەرەوە بسەپێندرێت.
 
ساموێل ژبۆگار، نوێنەری سلۆڤینیا و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ ئەم مانگە، لە وەڵامی پرسیاری رووداو سەبارەت بە داواکاریی ئۆتۆنۆمی لەلایەن کورد، درووز و عەلەوییەکانەوە گوتی: "ئەمە پرسێکە دەبێت سووریا خۆی بڕیاری لەسەر بدات و پڕۆسەکە دەبێت بە خاوەندارێتیی سووریا بێت."
 
سەبارەت بە نیگەرانییەکانی کورد لە رژێمی نوێ و مێژووی بێبەشکردنیان لە مافی هاووڵاتیبوون، ژبۆگار ئاماژەی بەوە دا، کە ئەوان لە سەردانەکانیاندا هانی گشتگیری و چارەسەرکردنی گلەییەکان دەدەن و گوێ لە هەموو لایەک دەگرن، بەڵام خۆیان بەدوور دەگرن لە دەستوەردان و دیاریکردنی شێوازی حوکمڕانی. هەروەها جەختی کردەوە، کە "چارەسەرەکان دەبێت لە ناوخۆوە بدۆزرێنەوە"، چونکە ئەزموونەکان دەریانخستووە ئەو چارەسەرانەی لە دەرەوە بۆ وڵاتان هاتوون، سەرکەوتوو نەبوون.
 
ئەمە دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ ساموێل ژبۆگار، نوێنەری هەمیشەیی سلۆڤینیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ مانگی کانوونی یەکەم 
 
رووداو: دوو پرسیارم هەیە. سەرەتا یەکەمیان دەکەم و دواتر ئەگەر بکرێت پرسیاری دووەم. سەبارەت بە سووریا، داواکاری کەمینەکانی سووریا بۆ خۆبەڕێوبەری (ئوتۆنۆمی) لە زیادبووندایە. عەلەوییەکان، درووزەکان و کورد هەموویان داوای دەکەن، چونکە دڵنیانین لەوەی چۆن ئەم حکومەتە، کە مەیلی بەلای ئیسلامییبووندایە، حوکمڕانییان دەکات. ئایا کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی ئاسایش لەسەر سووریا تاوتوێی پرسی ئۆتۆنۆمی بۆ کەمینەکانی سووریا دەکات؟ 
 
ساموێل ژبۆگار: نەخێر، پێموایە ئەمە پرسێکە دەبێت سووریا خۆی بڕیاری لەسەر بدات. پڕۆسەی سیاسی لە ناوخۆی سووریا دەبێت بە سەرکردایەتیی سووریا و بە خاوەندارێتیی سووریا بێت. ئێمە وەکو سلۆڤینیا لەگەڵ ئەوە نین، کەسێک لە دەرەوە ئامۆژگاریی سووریا بکات، کە چی بکات. پێشموایە دەبێت هان بدەین و هانیش دەدەین کاتێک دەچینە سووریا، کە [پرۆسەکە] گشتگیر بێت و چارەسەر بۆ هەموو ئەو ناڕەزایی و گلەییانە بدۆزرێتەوە، کە لە وڵاتەکەدا هەن. بەڵام بە دڵنیاییەوە نابێت ئێمە ئەو کەسە بین کە ئامۆژگاری بکەین کام رێچکەیە بگیرێتە بەر. 
 
رووداو: تەنیا پرسیارێکی دیکە، پرسیارێکی پەیوەستدار بۆ جەنابتان وەک نوێنەری سلۆڤینیا. رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤی جیهانی ئەو تاوانانەی بە بەڵگە کردووە، کە رژێمی پێشوو دەرهەق بە کورد ئەنجامی داون، لەوانەش بێبەشکردنیان لە هاووڵاتیبوون کە لە بەرامبەردا بەو واتایە دەهات، کە کورد نەیاندەتوانی هاوسەرگیریی فەرمی بکەن و نەیاندەتوانی بگوازنەوە بۆ دەرەوەی سووریا. ئایا سلۆڤینیا تێدەگات کە بۆچی کورد هێندە پێداگرە لەسەر داواکردنی نا-ناوەندیبوون یاخود ئۆتۆنۆمی بۆ خۆیان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا؟ 
 
ساموێل ژبۆگار: پێموایە کاتێک دەچینە سووریا لەگەڵ هەمووان کۆدەبینەوە. بۆیە گوێ لە بۆچوونی هەمووانیش دەگرین. بەڵام من خۆم بەدوور دەگرم لە دەربڕینی را و بۆچوون لەسەر پرسێکی ناوخۆیی وڵاتێکی دیکە. وەک گوتم، دەتوانین هەمیشە هاندان و پشتیوانی پێشکێش بکەین، بەڵام دەبێت چارەسەرەکە لە ناوخۆوە بێت. ئێمە حاڵەتی زۆرمان بینیوە کە چارەسەرەکان لە دەرەوە هاتوون و سەرکەوتوو نەبوون، بۆیە پێموایە کاتی ئەوەیە... پێموایە باشتر دەکەین ئەگەر خۆمان بەدوور بگرین لە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی [وڵاتانی دیکە]. بێگومان دەتوانین ئاماژە بە پرسەکان بکەین، کێشەکان بخەینە روو و پرسیار بکەین، بەڵام چارەسەرەکان دەبێت لە ناوخۆوە بدۆزرێنەوە.