باڵەخانەی پەرلەمانی ئەفریقیای باشوور ئاگری گرت
رووداو دیجیتاڵ
ئاگر لە باڵەخانەی پەرلەمانی ئەفریقیای باشوور لە کەیپ تاونی پایتەختدا کەوتەوە و زۆربەی کەلوپەلەکانی ناوی سووتان.
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، 2-1-2022، ئاگر لە بەشێك لە باڵەخانەی پەرلەمانی ئەفریقیای باشوور کەوتەوە و جگە لە سووتانی بەشی زۆری کەلوپەلەکان، زیانی بە سەربانی باڵەخانەکەش گەیاندووە بەبێ ئەوەی زیانی گیانی یان برینداربوونی لێبکەوێتەوە.
جەین پیێر سمیس، بەرپرس لە ئەنجوومەنی شارەوانی کەیپ تاون رایگەیاند ئاگرەکە لە "نهۆمی سێیەمی" پەرلەمان کەوتووە، کە دواتر بەرەو سەربانی باڵەخانەکە تەشەنەی سەندووە.
باڵەخانەی پەرلەمانی ئەفریقیای باشوور لە دوو بەش پێکهاتووە، بەشێکیان تایبەتە بە "کۆمەڵەی گشتی" واتە ئەنجوومەنی نوێنەران و باڵەخانەی دووەمیش تایبەتە بە ئەنجوومەنی نیشتمانیی پارێزگاکان.
هەندێ سەرچاوە باس لەوە دەکەن گوایە ئاگرەکە سەرەتا لە سەربانی باڵەخانەکە کەوتووەتەوە، بەڵام ئەو هەواڵانە پشتڕاستنەکراونەتەوە.
چەند سەرچاوەیەکی دیکە ئاماژەیان بەوەکردووە گوایە ئاگرەکە سەرەتا لە بەشی نووسینگەکان لە نهۆمی سێیەمی باڵەخانەکە کەوتووەتەوە و پاشان بەرەو هۆڵی وەرزش و ناوەندی پشوودان تەشەنەی سەندووە.
بەڕێوەبەرایەتی ئاگرکوژێنەوەی کایپ تاون رایگەیاند، تیمەکانیان دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و هەوڵێکی زۆردراوە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە. راشیگەیاند، زیاتر لە 6 ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە و 36 ئەندامی تیمەکانی بەرگریی شارستانی هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەیان داوە.