گۆڕانی کەشوهەوا لە کینیا رێژەی تووشبوون بە مەلاریای زیاد کردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

گۆڕانی کەشوهەوا و لافاوی زۆر لە کینیا، نەخۆشیی مەلاریای زیاد کردووە. خراپیی کەرتی تەندروستی و ئابووریی وڵاتەکە دۆخەکەی قورستر کردووە و خەڵک ناچارن لە ماڵەوە بە پارەی خۆیان چارەسەر وەربگرن.
 
ویڵسۆن موتای، تووشبووی مەلاریا دەڵێت، "چوومە نەخۆشخانە و پشکنینی خوێنم کرد، دەرکەوت کە هەڵگری مەلاریام، بەڵام لەبەرئەوەی نەخۆشخانەکە هیچ دەرمانێکی نەبوو. ناچار بووم خۆم دکتۆرێک بهێنمە ماڵەوە و چارەسەر وەربگرم. هاوڕێیەکم لەبەر نەبوونی دەرمان و چارەسەر لە نەخۆشخانەکان بە مەلاریا گیانی لەدەستدا."
 
دامەزراوەی نێودەوڵەتیی ئاژەڵداری و توێژینەوە بە هاوئاهەنگیی پەیمانگەی توێژینەوەی پزیشکیی کینیا کار دەکەن بۆ تێگەیشتن لە ژیانی مێشوولەکان و چۆنێتی گواستنەوەی ئەو ڤایرۆسە. ئەوان سەرەتا تەڵە بۆ مێشوولەکان دادەنێن، دواتر مێشوولەکان دەگوازنەوە تاقیگەکان و توێژینەوەیان لەسەر دەکەن.
 
جوێڵ لوتۆمیا، مێروولەناس دەڵێت، "کاتێک مێشوولەکان دەگیرێن، لەنێو نایترۆجینی شل دەیانگوازینەوە نێو تاقیگەکان. کار لەسەر ناسینەوەی جۆرەکانیان دەکەین بۆئەوەی بزانین کام جۆریان لە کام ناوچە هەن."
 
ئەنجوومەنی مەلاریای کینیا زۆربوونی تووشبوون بەو نەخۆشییە بۆ نالەباریی کەشوهەوا و کارەساتە سرووشتییەکان دەگەڕێنێتەوە، کە دەبێتە هۆی تێکدانی ژینگە و شێوازی ژیانی مێشوولەکان.
 
ناوەندی کۆنتڕۆڵی نەخۆشییەکان، ناسراو بە سی دی سی، دەڵێت، ساڵانە لە کینیا 10700 کەس بەهۆی ڤایرۆسی مەلاریاوە گیان لەدەستدەدەن.
 
ویلیس ئەخوەیل، راوێژکاری ئەنجوومەنی مەلاریای کینیا رایگەیاند، "بە بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، بە زۆربوونی باران بارین و شێداری، مێشوولەی زیاتر زاوزێ دەکەن و چانسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەکان زیاتر دەبێت و بەمشێوەیە تووشبوون بەو نەخۆشییە زۆر دەبێت."
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانیش دەڵێت، لە 2022 زیاتر لە 249 تووشبووی مەلاریا لە جیهان تۆمار کراون؛ 200 ملیۆن لەو تووشبووانە لە ئەفریقا بوونە و 400 هەزار کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.
 
ساڵی 2021، تەندروستیی جیهانی رایگەیاند، "ڤاکسینی مەلاریا دروستکرا و ئەمە سەرکەوتنێکی مێژووییە. بە وەرگرتنی سێ قورچکی ڤاکسینەکە، کەسی تووشبوو 75% کاریگەریی نەخۆشییەکەی لەسەر نامێنێت و بۆ ماوەی ساڵێک دەیپارێزێت."