وەزارەتی بەرگریی چین: راهێنانەکەمان بۆ رێگرییە لە دابەشکردنی وڵات

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی چین رایگەیاند، راهێنانە سەربازییەکەیان لە نزیک سنوورەکانی تایوان بۆ رێگرییە لە هەوڵی جوداخوازانی ناوچەکە بۆ جیابوونەوە لە چین و دابەشکردنی وڵاتەکەیان. ئەو وەڵامی رەخنەی وەڵاتانی رۆژئاواش دەداتەوە کە راهێنانەکەیان بە دروستکردنی مەترسی ئەمنی لەسەر رۆژهەڵاتی ئاسیا داناوە و دەڵێت، گەورەترین مەترسی ویستی جوداخوازییە لە تایوان و پاڵپشتییەکانی وڵاتانی رۆژئاوایە بۆ ئەو پرسە. 
 
رۆژی 2ی کانوونی دووەمی 2025، ژانگ شیاوگانگ، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی چین رایگەیاند، "سوپاکەیان راهێنانیکی بە سەرکەوتوویی لە دەوروبەری تایوان کرد بەناوی 'ئەرکی دادپەروەری 2025'. دەشڵێت، "راهێنانەکە بۆ پشاندانی ئامادەیی سوپایە بۆ هەر هەوڵێکی جیابوونەوە یان دەستوەردانی دەرەکی." 
 
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی چین گوتیشی، "راهێنانەکە پیشانیدا هەر دنەدانێک کە ببێتە هۆی بەزاندنی هێڵە سوورەکانمان لە پرسی تایواندا رووبەڕووی پەرچەکرداری تووند دەبێتەوە". ئاماژەی بەوەش کرد، هەوڵدان بۆ رێگری لە یەکگرتوویی چین "هەرگیز سەرکەوتوو نابێت". 
 
راهێنانەکەی چین هەفتەی رابردوو دەستیپێکرد و لای چینگ، سەرۆکی تایوانیش بە هەوڵێک بۆ دروستکردنی مەترسی لە رۆژهەڵاتی ئاسیا و دەریای چین وەسفکرد. ئەمریکا، ژاپۆن، ئوسترالیا، فلیپین و یەکێتیی ئەورووپاش راهێنانەکەیان بە هەوڵێک بۆ تێکدانی ناوچەکە وەسفکرد. 
 
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی چین لە وەڵامی ئەو رەخنانەدا گوتی، گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر سەقامگیری ناوچەکەیان و گەرووی تایوان راهێنانە سەربازییەکەیان نییە بەڵکو "سەربەخۆیی تایوان"، جوداخوازی و پاڵپشتی وڵاتانە بۆ ئەو پرسە. 
 
رۆژی 29ی کانوونی یەکەمی 2025، چین راهێنانی سەربازی لەسەر 'گەمارۆدانی بەندەرەکانی تایوان' کرد. ئەو کات پەکین رایگەیاند، مەبەست لەم مانۆڕە، راهێنانە لەسەر گەمارۆدانی بەندەرە سەرەکییەکانی تایوان و "ترساندنی سەربازی"ـیە. 
 
پەکین، تایوان بە بەشێک لە خاکی خۆی دادەنێت و پێشتر جەختیکردووەتەوە کە بە دیپلۆماسی بێت یان زەبری سەربازی، دەبێت بگەڕێتەوە ژێر رکێفی خۆی. 
 
نمایشکردنی ئەم دواییەی هێز لە لایەن چینەوە دوای ئەوە دێت کە ئەمریکا بڕێکی زۆری چەکی بە تایوان فرۆشت.
 
ویلایەتە یەکگرتووەکان پشتیوانی سەرەکیی تایوانە.