بوومەلەرزەیەک کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی سەرۆکی مەکسیکی راگرت

 
رووداو دیجیتاڵ

بوومەلەرزەیەک باشوور و نێوەڕاستی مەکسیکی هەژاند و بووە هۆی راگرتنی یەکەم کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی سەرۆکی ئەو وڵاتە لە ساڵی نوێدا. كلاودیا شەینباوم ناچار بوو گوتارەکەی ببڕێت و داوای لە ئامادەبووان کرد، "بە هێمنی" هۆڵەکە چۆڵ بکەن.
 
رۆژی هەینی 02-01-2026 لە کاتێکدا كلاودیا شەینباوم، سەرۆکی مەکسیک لە شاری مەکسیکۆ قسەی بۆ رۆژنامەڤانان دەکرد، زەنگی ئاگادارکردنەوەی بوومەلەرزە لێیدا.
 
شەینباوم راستەوخۆ قسەکانی بڕی و بە رۆژنامەڤانانی گوت، "ئۆو، زەوییەکە دەلەرێتەوە، با هەموومان بە هێمنی بچینە دەرەوە."
 
بەگوێرەی ئاژانسی نیشتمانیی بوومەلەرزەزانیی مەکسیک، گوڕی بوومەلەرزەکە 6.5 پلە بووە بە پێوەری رێختەر و چەقەکەی نزیک شارۆچکەی (سان مارکۆس) لە ویلایەتی گێرێرۆ لە باشووری وڵاتەکە (نزیک کەناراوەکانی ئەکاپولکۆ) بووە.
 
لە دیمەنەکاندا دەردەکەوێ کە دوای چۆڵکردنی شوێنەکە، هۆڵەکە دەلەرێتەو٣ە و دەنگی دیوارەکان دێت بەر لەوەی پەخشی راستەوخۆکە بوەستێت. تاوەکو ئێستا هیچ زیانێکی گیانی و مادیی گەورە تۆمار نەکراوە.