ناسا دەست بە مەشقی ناردنی مرۆڤ بۆ سەر مانگ دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی ناسا دەستی کردووە بە پرۆسەیەکی مەشقی دوو رۆژە بۆ پڕکردنەوەی سووتەمەنی مووشەکە نوێیەکەی. ئەم تاقیکردنەوەیە زۆر گرنگە و کاتی ناردنی چوار ئاسمانگەڕ بۆ سەر مانگ دیاری دەکات.
تیمەکە کە لە ریەد وایزمان و هاوڕێکانی پێکهاتووە، ئێستا لە کەرەنتیندان بۆ ئەوەی تووشی هیچ مایکرۆب و نەخۆشییەک نەبن. ئەمانە دەبنە یەکەم کەس لە ساڵی 1972ـەوە کە بەرەو مانگ بەڕێبکەون.
مووشەکەکە ناوی (SLS)ـە و بەرزییەکەی 98 مەترە. ئەگەر تاقیکردنەوەی رۆژی دووشەممە بۆ پڕکردنی سووتەمەنی بە باشی بەڕێوەبچێ، رەنگە لە هەفتەیەکدا مووشەکەکە هەڵبدرێ.
تانکی مووشەکەکە پڕ دەکەن لە سووتەمەنی زۆر سارد، هەموو ئامادەکارییەک دەکەن وەک ئەوەی بیتەقێنن، تەنیا بزوێنەرەکان کار پێ ناکەن.
بەهۆی شەپۆلێکی سەرماوە مەشقەکە کەمێک دواکەوت. ئێستا زووترین کات بۆ تەقاندنی مووشەکەکە 8ی شوباتە.
گەشتەکە چۆن دەبێت؟
چوار ئاسمانگەڕە ئەمریکی و کەنەدیەکە لەنێو کەپسوولی "ئۆراین" دەبن. ئەوان بە خوولگەی مانگدا دەسوڕێنەوە و بێ ئەوەی لەسەر مانگ بنیشنەوە، راستەوخۆ دەگەڕێنەوە سەر زەوی و لە زەریای هێمن دادەبەزن. گەشتەکە نزیکەی 10 رۆژ دەخایەنێت.
پێشبڕکێ لەگەڵ کات
ناسا دەبێت بە خێرایی بڕیار بدات، چونکە جگە لەم گەشتەی مانگ، دەبێت تیمێکی دیکەش بنێرێ بۆ وێستگەی نێودەوڵەتیی بۆشایی ئاسمان.
ئەگەر مووشەکی مانگەکە تا 11ی شوبات ئامادە بێت، ئەوا ئەوەیان پێش دەخەن، بەڵام ئەگەر دواکەوت، دەبێت چاوەڕێ بکەن تا تیمەکەی دیکە دەنێرن بۆ وێستگەی بۆشایی ئاسمان.
لەنێوان ساڵانی 1968 بۆ 1972 ، ناسا 24 ئاسمانەوانی نارد بۆ مانگ و 12 کەسیان لەسەر رووی مانگ دابەزین.
ئێستا دوای زیاتر لە 50 ساڵ، جارێکی دیکە مرۆڤ بەرەو مانگ دەچێتەوە.