داعش ڤیدیۆی هێرشکردنە سەر بنکەیەکی ئاسمانی لە نەیجەر بڵاودەکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوی داعش ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێ، دیمەنی هێرشکردنە سەر بنکەیەکی ئاسمانییە لە نیامی-ی پایتەختی نەیجەر.
 
ڤیدیۆکە لەلایەن ئاژانسی ئەعماق، میدیای رێکخراوەکە بڵاوکراوەتەوە و هێرشەکەی بە "لەناکاو و رێکخراو" لە نیامی ناوبردووە، کە بەهۆیەوە "زیانی گەورەی لێکەوتووەتەوە".
 
لە هێرشەکەی رۆژی پێنجشەممەدا بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دیۆری هامانی، چوار سەرباز برینداربوون و ژمارەیەک فڕۆکە زیانیان بەرکەوت.
 
لە ڤیدیۆکەدا دیمەنی تەقینەوەیەک لەنێو شوێنی راگرتنی فڕۆکە دەردەکەوێ کە هێلیکۆپتەرێکی تێدایە؛ هەروەها فڕۆکەیەکی دیکە دەبینرێ کە ئاگری تێبەربووە. هاوکات بەهۆی تەقەکردنەوە، زیان بە فڕۆکە سڤیلەکانی هێڵەکانی ئاسمانیی کۆتدیڤوار و ئاسکی ئێیەر لاینز گەیشتووە.
 
فڕۆکەخانەی نیامی پێگەیەکی ستراتیجییە و بنکەی سەربازی و بارەگای سەرەکیی هێزی هاوبەشی نەیجەر، بورکینا فاسۆ و مالی لەخۆدەگرێ؛ هەروەها یەدەگێکی گەورەی یۆرانیۆمی تێدایە کە بووەتە جێگەی ناکۆکی لەگەڵ کۆمپانیای ئەتۆمیی ئۆرانۆی فەرەنسی.
 
تەلەڤزیۆنی فەرمیی نەیجەر بڵاویکردەوە، هێزەکانی وڵاتەکە بەرەبەیانی پێنجشەممە بەخێرایی وەڵامی هێرشەکەیان داوەتەوە، 20 چەکداریان کوشتووە و 11ی دیکەشیان دەستگیرکردووە.
 
نەیجەر بۆ کۆنترۆڵکردنی تووندوتیژیی گرووپە پەڕگیرەکان لە ناوچەی کەناری ئەفریقا رووبەڕووی ئاستەنگ بووەتەوە؛ لەو ناوچەیەدا وڵاتانی دراوسێی بورکینا فاسۆ و مالیـش لەلایەن ئەنجوومەنی سەربازییەوە بەڕێوەدەبرێن.
 
لە ساڵی 2025ـدا، چەکدارانی سەر بە قاعیدە و داعش هێرشەکانیان لە ناوچەی کەنار (ساحل) چڕکردەوە، ئەمەش مەترسیی زیاتری لەسەر سەقامگیریی ناوچەکە و نەیجەر دروستکردووە، کە تاوەکو کودەتا سەربازییەکەی ساڵی 2023، هاوپەیمانێکی سەرەکیی ئەمنیی رۆژئاوا بوو لە ناوچەکەدا.