پەڕینەوەی کۆچبەران لە فەرەنساوە بۆ بەریتانیا کەمی کردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی نێوخۆی بەریتانیا ئامارەکانی مانگی یەکەمی ئەم ساڵی بڵاوکردەوە و رایدەگەیێنێت، پەڕینەوەی کۆچبەران لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە کەمیکردووە و گەیشتووەتە نزمترین ئاست لە ساڵی 2021ـەوە. هاوکات وەزیری نێوخۆی وڵاتەکە وردەکاریی ناردنەوەی کۆچبەران بۆ فەرەنسا ئاشکرا دەکات.
 
وەزارەتی نێوخۆی بەریتانیا ئاشکرای کرد، لە مانگی یەکەمی ئەمساڵدا (کانوونی دووەم) 933 کۆچبەر لە رێگەی بەلەمی بچووکەوە لە نۆکەندی ئینگلیزەوە پەڕیونەتەوە بۆ بەریتانیا؛ ئەمەش کەمترین ژمارەیە کە بۆ مانگی یەک لە ساڵی 2021ـەوە تۆمار کرابێت.
 
بەگوێرەی ئامارەکان، ژمارەی پەڕینەوە لە مانگی یەکی ئەمساڵدا بەراورد بە پار 15% و بە پێرار 30% کەمیکردووە. بەرپرسانی بەریتانیا هۆکاری سەرەکیی ئەم دابەزینە بۆ "خراپیی کەشوهەوا و بوونی شەپۆلی دەریا" دەگەڕێننەوە.
 
گوتەبێژێکی وەزارەتی نێوخۆی بەریتانیا لەوبارەیەوە رایگەیاند، لەگەڵ دەستبەکاربوونی حکومەتی نوێ، بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فەرەنسا رێگرییان لە 40 هەزار هەوڵی پەڕینەوە کردووە و نزیکەی 50 هەزار کەسیشیان دیپۆرتکردووەتەوە کە بەشێوەی نایاسایی لە وڵاتەکە بوون.
 
بەگوێرەی ئەو رێککەوتنە نوێیەی لەگەڵ پاریس کراوە، بەریتانیا دەتوانێت دەستبەجێ ئەو کۆچبەرانە دەستبەسەر بکات کە بە بەلەم دەپەڕنەوە و لە ماوەی نزیکەی دوو هەفتەدا دەیاننێرێتەوە بۆ فەرەنسا.
 
لە بەرامبەر هەر کەسێک کە لە بەریتانیاوە دەنێردرێتەوە، حکومەتی لەندەن کۆچبەرێک لە فەرەنساوە وەردەگرێت، کە دۆسیەی بەهێزی مافی پەنابەری هەبێت.
 
شەبانە مەحموود، وەزیری نێوخۆی بەریتانیا هەفتەی رابردوو رایگەیاند، تاوەکو ئێستا لە چوارچێوەی ئەم رێککەوتنەدا 281 کۆچبەریان ناردووەتەوە بۆ فەرەنسا.
 
پارتی پارێزگاران (ئۆپۆزیسیۆن) رەخنە لە کەمیی ژمارەی ئەو کەسانە دەگرن کە نێردراونەتەوە و دەڵێن، ناردنەوەی تەنیا 281 کەس ژمارەیەکی زۆر کەمە، لەکاتێکدا ساڵی 2025 کۆی گشتیی 41 هەزار و 472 کۆچبەر گەیشتوونەتە بەریتانیا.