بەریتانیا: لە قوبرس بەرپەرچی هێرشێکی درۆنیمان دایەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا رایگەیاند، درەنگی شەوی رابردوو بنکەیەکی سەربازیی وڵاتەکەی لە قوبرس بە درۆن هێرشی کراوەتە سەر؛ ئەوەش لە کاتێکدایە لەندەن رەزامەندیی داوە ئەمریکا بنکە سەربازییەکانی لە ناوچەکە بەکاربهێنێت.
بەرەبەیانی دووشەممە 2-3-2025 گوتەبێژێکی وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا رایگەیاند: "هێزە چەکدارەکانمان بەرپەرچی هێرشێکی درۆنییان بۆ سەر بنکەی ئاسمانیی (RAF Akrotiri) لە قوبرس داوەتەوە، کە لە کاژێر 12:00ـی شەو بە کاتی ناوخۆ کراوە." ئاماژەی بەوەش کردووە کە تاوەکو ئێستا هیچ زیانێکی گیانی لەو هێرشەدا تۆمار نەکراوە.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا دەڵێت: "پاراستنی هێزەکانمان لە ناوچەکەدا لە بەرزترین ئاستدایە و بنکەکە وەڵامی هێرشەکەی داوەتەوە بۆ بەرگریکردن لە کارمەندەکانمان." هەروەها جەختی کردەوە کە دۆخەکە لەژێر چاودێریدایە و زانیاریی زیاتر بڵاودەکەنەوە.
ئەم هێرشە تەنیا چەند کاژێرێک دوای ئەوە دێت کە کییەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، وڵاتەکەی داواکارییەکی ئەمریکای پەسند کردووە بۆ بەکارهێنانی بنکە سەربازییەکانی بەریتانیا، بەڵام جەختی کردەوە کە بەریتانیا لەم کاتەدا "ناچێتە ناو هیچ کردارێکی هێرشبەرانەوە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست."
بەگوێرەی میدیای ئەمریکی، حکومەتی بەریتانیا رۆژی یەکشەممە رەزامەندیی داوە کە هێزەکانی ئەمریکا بنکە سەربازییەکانی (ئاکرۆتیری لە قوبرس و دیێگۆ گارسیا) بەکاربهێنن. ئەوەش دوای ئەوەی پێنتاگۆن رۆژی شەممە داواکارییەکی ئاراستەی حکومەتی بەریتانیا کردووە.
بنکەی ئاسمانیی (ئاکرۆتیری) لە قوبرس، بە گەورەترین و گرنگترین بنکەی ئاسمانیی شاهانەی بەریتانیا لە دەرەوەی خاکی ئەو وڵاتە دادەندرێت.