ئەڵمانیا هاووڵاتییانی خۆی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەگەڕێنێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

حکومەتی ئەڵمانیا رایگەیاند، لە ماوەیەکی نزیکدا لە رێگەی فڕۆکەخانەکانی وەک مەسقەت لە عومان و ریاز لە سعودیە، هاووڵاتییانی خۆی لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەگەڕێنێتەوە.
 
بەگوێرەی بەرلین، تاوەکو ئێستا دەیان هەزار ئەڵمانی کە لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و کەنداو نیشتەجێن، بەهۆی شەڕی نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل، ناوی خۆیان لە لیستی پێشوەختەی قەیرانەکانی وەزارەتی دەرەوە تۆمار کردووە.
 
یۆهان وادفول، لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا رۆژی دووشەممە، 3ـی ئازاری 2026 بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاند، ئامادەکاری دەکەن بۆ گواستنەوەی گەشتیارە ئەڵمانییەکان بە فڕۆکەکانی کۆمپانیای لوفتهانزا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
 
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوە کرد، تیمەکانی وەڵامدانەوەی قەیرانەکان، دەنێرنە عومان و دەوحەی پایتەختی قەتەر.
 
وادفول، کە پەرلەمانتارێکی کریستیان دیموکراتە، گوتیشی: "ئێمە پێکەوە ئامانجێکمان هەیە؛ دەمانەوێت ئەڵمانییەکان بگەڕێنینەوە ماڵەوە. لە ماوەیەکی نزیکدا فڕۆکە بۆ ئەو گرووپانە دەنێرین کە لەژێر مەترسیدان."
 
سەبارەت بە دەستپێکردنی ئەو هەنگاوە، وادفول هیچ زانیارییەکی نەدا، بەڵام گوتی بە وریاییەوە ئامادەکاری بۆ دەکەن و بە فڕۆکەیەک بۆ هەر شوێنێکی دیاریکراو بێت ئەو هاووڵاتییانە بگوازنەوە کە مەترسییان لەسەرە، بەتایبەتی منداڵان، کەسانی نەخۆش و ژنانی دووگیان. 
 
"30 هەزار گەشتیاری ئەڵمانی لەژێر مەترسیی شەڕن"
 
بەگوێرەی کۆمپانیا گەشتیارییەکانی ئەڵمانیا، نزیکەی 30 هەزار گەشتیاری ئەو وڵاتە کەوتوونەتە ناو مەترسییەکانی شەڕ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
 
دوای ئەوەی ئیسرائیل و ئەمریکا لە رۆژی شەممە، 28ـی شوبات هێرشی هاوبەشیان دژی ئێران دەستپێکرد، تاران بە هێرشی درۆنی و مووشەکی وڵاتانی کەنداو، ئیسرائیل و هەرێمی کوردستانی کردە ئامانج.
 
سوپای پاسداران هەروەها شوێنە گەشتیارییەکان و هۆتێلەکانی وەک بورجی عەرەب بۆردوومان کرد. هەر بۆیە لە رۆژی شەممەوە ئاسمانی رۆژهەڵاتی
نێوەڕاست بەڕووی گەشتە ئاسمانییەکاندا داخراوە.