کۆشکی سپی: هەڕەشەکانی ئێران لە سەردەمی ترەمپ کۆتاییان دێت


رووداو دیجیتاڵ 

کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێکدا ئامانجە سەرەکییەکانی ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانئاسا" دژی ئێران بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هەڕەشە و هێرشە دڕندانەکانی ئەو وڵاتە لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکادا بە یەکجاری کۆتاییان دێت.
 
رۆژی دووشەممە، 2ی ئاداری 2026، کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی ئەمریکا کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "ئامانجەکانی ئەم ئۆپەراسیۆنە بریتین لە تێکشکاندنی تەواوەتی توانای مووشەکی و پیشەسازیی مووشەکیی ئێران، لەناوبردنی هێزی دەریایی رژێمی تاران و دڵنیابوونەوە لەوەی گروپە تیرۆریستییە هاوپەیمانەکانی ئێران چیدی نەتوانن سەقامگیری ناوچەکە و جیهان تێکبدەن یان هێرش بکەنە سەر هێزەکانی ئەمریکا".
 
هەروەها جەختی لە رێگریکردن لە بەرهەمهێنانی بۆمبی چێنراو کردەوە کە بووەتە "هۆی کوژران و برینداربوونی هەزاران کەس، لەنێویاندا هاووڵاتییانی ئەمریکی".
 
کۆشکی سپی ئاشکرای کردووە کە لە شەپۆلەکانی سەرەتای ئۆپەراسیۆنەکەدا، 49 لە باڵاترین سەرکردەکانی ئێران، لەنێویاندا عەلی خامنەیی، رێبەری ئەو وڵاتە،  کوژراون. راگەیێندراوەکە دەڵێت، کوشتنی "تێرۆریستەکان بۆ بەرژەوەندی ئەمریکایە و رێگریکردن لەم رژێمە تونودڕەوە و سەرکردە تێرۆریستەکانی، ئەرکێکی پێویست و روونە بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی". 
 
رۆژی 28ی شوبات ئیسرائیل و ئەمریکا هێرشیان کردە سەر ئێران، دواتر ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامیدانەوە. هەروەها، وەکو بەشێکی وەڵامەکەی، ئێران مووشەکی گرتە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکای لە شەش وڵاتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هەرێمی کوردستان.
 
سەبارەت بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان، کۆشکی سپی ئاماژەی بەوە کردووە، هەرچەندە پێشتر لە ئۆپەراسیۆنی "چوکشی نیوەشەودا" بنکە ئەتۆمییە سەرەکییەکانی ئێران تێکشکێنران، بەڵام رژێمی تاران سوور بوو لەسەر بنیاتنانەوەی بەرنامەکەی و رەتیکردەوە رێککەوتن بکات، سەرەڕای هەوڵەکانی تیمی دانوستانکاری ترەمپ. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "بە کورتی، رژێمی تیرۆریستی ئێران نەیویست بڵێت 'بەڵێ' بۆ ئاشتی."
 
پێش دەستپێکردنی جەنگەکە، ئێران و ئەمریکا سێ گەڕی دانوستاندنیان کرد. پرسی ئەتۆمی دیارترین بابەتی دانوستاندن بوو، بەڵام نەگەیشتنە رێککەوتن. 
 
کۆشکی سپی رەخنەی تووندی لە سەرکردەکانی پێشووی ئەمریکا گرت و بە "لاواز و ترسنۆک" وەسفی کردن کە لە ماوەی 47 ساڵی رابردوودا بێدەنگ بوون بەرامبەر کوشتنی ئەمریکییەکان، بەڵام ئێستا "سەرۆک ترەمپ کۆتایی بەو دۆخە دەهێنێت و ئەوانەی بەرپرسن لە رشتنی خوێنی ئەمریکییەکان رووبەڕووی سزای تووند دەکاتەوە". کۆتایی راگەیێندراوەکە دەڵێت: "ئەمریکا سەردەکەوێت و تیرۆریستەکان تێکدەشکێن."