ترەمپ: پێشبینیمان دەکرد لەنێوبردنی سەرکردەکانی ئێران 4 هەفتە بخایەنێت

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا دەڵێ، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا "کاتێکی زۆر زۆری خایاند" تاوەکو رێگە بدات ئەمریکا بنکەی ئاسمانیی دیگۆ گارسیا بەکاربهێنێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات، پێشبینییان دەکرد کوشتنی سەرکردەکانی ئێران چوار هەفتە بخایەنێت، بەڵام بە رۆژێک ئەو کارەیان کرد. 
 
رۆژی دووشەممە، 2ی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە میدیای بەریتانیای راگەیاند، لە کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا "زۆر بێئومێدە،" بەهۆی ئەوەی رێگری لێکردووە لە بەکارهێنانی دوورگەی دیگۆ گارسیا بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر ئێران.
 
دیگۆ گارسیا کە خاوەندارێتییەکەی بۆ بەریتانیا دەگەڕێتەوە، سێ هەزار و 800 کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی باشووری ئێرانەوە دوورە. ئەوە وای لێدەکات لە دەرەوەی مەودای مووشەکە بالیستییەکانی ئێران بێت، بەڵام لە مەودای کارکردنی بەشێکی زۆر لە فڕۆکەکانی ئەمریکا بێت.
 
سەرۆکی ئەمریکا گوتی، رەتکردنەوەی سەرەتایی سەرۆکوەزیران بۆ رێگەدان بە هێزەکانی ئەمریکا بۆ بەکارهێنانی ئەو بنکەیە، جیاواز بووە لە هەر شتێک کە "پێشتر لە نێوان وڵاتەکانماندا روویدابێت".
 
بەریتانیا بە پاساوی یاسای نێودەوڵەتی، مۆڵەتی بە ئەمریکا نەدا بۆ ئەنجامدانی هێرش لەو بنکەیەوە. بەڵام ستارمەر شەوی یەکشەممە پاشەکشەی کرد و رایگەیاند، رێگە بە ئەمریکا دەدات بچێتە دیگۆ گارسیا بۆ "مەبەستی بەرگری دیاریکراو و سنووردار" سوودی لێ وەربگرێ.
 
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، ستارمەر "کاتێکی زۆر زۆری خایاند" تاوەکو رای خۆی بگۆڕێ؛ گوتیشی: "پێدەچێت پێشتر هەرگیز شتی وا لە نێوان وڵاتەکانماندا رووی نەدابێت، وا دیارە ئەو نیگەرانی لایەنە یاساییەکە بووە".
 
ترەمپ هەروەها گوتی، سەرکردە کاتییەکانی ئێران ئێستا بە پەرۆشەوە داوای رێککەوتن دەکەن و رایگەیاند: "پێشبینی چوار هەفتەمان دەکرد بۆ لەنێوبردنی سەرکردایەتییەکان، بەڵام هەموویانمان لە یەک رۆژدا لەنێوبرد. ئەوان زۆر بە خراپی دەیانەوێ رێککەوتن بکەن. من گوتم دەبوو هەفتەیەک پێشتر ئەوەتان بکردایە."
 
گوتەکانی ترەمپ لە کاتێکدان، ئەم جەنگە لە رۆژی 28ی شوبات بە هێرشی چڕی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد، دوای ئەوەی تاران بە مووشەک و درۆن وەڵامی دایەوە. 
 
دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند کە لە هێرشەکاندا 48 سەرکردەی ئێرانییان کوشتووە، کە دیارترینیان عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانە کە لە یەکێک لە شەپۆلە یەکەمەکانی هێرشەکان بۆ سەر تاران کرایە ئامانج.