ترەمپ: بۆ جەنگێکی درێژخایەن ئامادەین و بێزار نابین
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، لە شەڕکردنیان لەگەڵ ئێران چوار ئامانجیان هەیە، لەنێویدا، ئێران چیدیکە گرووپە چەکدارەکان پڕچەک نەکات.
رۆژی دووشەممە، 2ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، ئامانجەکانمان لەبارەی ئێران روونن: "لەنێوبردنی توانا مووشەکییەکان کە مووشەکی زۆرباش دروست دەکات، لەنێوبردنی کەشتییە جەنگییەکانیان، ئێران هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەدەستنەهێنێت و ئێران چیدیکە گرووپە تیرۆریستییەکان پڕچەک نەکات."
ترەمپ ئەوەشی ئاشکرا کرد کە جەنگی ئێران دەکرێت "چوار بۆ پێنج هەفتە" بەردەوام بێت، بەڵام گوتی کە ئەوان بۆ کاتێکی درێژتر ئامادەن و "بێزار نابین".
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان بۆ سەر ئێران بەردەوامە و ئامانج لێی نەهێشتنی هەڕەشەکانی تارانە. دەشڵێت: "پێشبینیمان دەکرد چەند هەفتەیەک بخایەنێت، بەڵام تەنیا لە چەند کاژێرێکدا سەرکردایەتیی ئێرانمان رووخاند."
دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، سوپای وڵاتەکەی لە رێگەی ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانئاسا" خەریکی لەنێوبردنی "هەڕەشە مەترسیدارەکانی رژێمی ئێرانە."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، دوای ئەوەی لە رێگەی ئۆپەراسیۆنی "چەکوشی نیوەشەو" لە حوزەیرانی 2025 ژێرخانی ئەتۆمیی ئێرانیان تێکشکاند، هۆشدارییان دابووە تاران کە ناوچەی نوێ بۆ پەرەپێدانی چەک بەکارنەهێنن، بەڵام "ئەوان هۆشدارییەکانی ئێمەیان پشتگوێ خست."
ترەمپ باسی لە مەترسیی مووشەکەکانی ئێران کرد و گوتی: "پرۆگرامە مووشەکییەکانیان بە خێرایی پەرەی دەسەند و گەیشتبووە ئەوروپا و بنکەکانمان؛ بەم زووانەش دەگەیشتە ئەمریکا. ئامانجیان ئەوە بوو لە ژێر سایەی مووشەکەکاندا چەکی ئەتۆمی بشارنەوە."
دۆناڵد ترەمپ جارێکی دیکە شانازیی خۆی بە هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی باراک ئۆباما دەربڕی و بە "خراپ" وەسفی کرد. هەروەها باسی لە مێژووی 47 ساڵەی ململانێکان کرد و گوتی: "هەرکەسێک دەبینن پەلێکی بڕاوە، بەهۆی ئەو بۆمبە چێنراوانە بووە کە قاسم سولەیمانی دای دەنان؛ ئەو باوکی بۆمبی چێنراو بوو، بەڵام من لە خولی یەکەممدا لەناوم برد."
سەبارەت بە ئامانجەکانی ئێستای جەنگەکە، ترەمپ رایگەیاند کە کاژێر بە کاژێر توانای بەرهەمهێنانی مووشەکی ئێران تێکدەشکێنن. گوتیشی: "هێزی دەریایی ئەوانمان لەناو بردووە و تاوەکو ئێستا 10 کەشتیی جەنگیی ئەوانمان نوقمی قووڵایی دەریا کردووە."
سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە کە رێگە نادەن ئێران وەک "سپۆنسەری ژمارە یەکی تیرۆر لە جیهان" دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات. ئاماژەی بەوەش کرد، کە تاران لە رێککەوتنەکان پاشەکشەی کردووە، بۆیە "دەبوو بە شێوەیەکی دروست مامەڵەیان لەگەڵ بکەین."
دۆناڵد ترەمپ سەرەخۆشیی خۆی بۆ خێزانی ئەو چوار سەربازە ئەمریکییە دەربڕی کە لەم جەنگەدا کوژراون و رایگەیاند، کە وڵاتەکەی ماتەمیان بۆ دەگێڕێت.
لە وەڵامی ئەو رەخنانەی کە دەڵێن سەرۆک بەم زووانە لە جەنگ بێزار دەبێت، ترەمپ گوتی: "من بێزار نابم، هیچ شتێکی ئەم ئۆپەراسیۆنە بۆ من بێزارکەر نییە. ئەگەر بێزار بووبام ئێستا لێرە نەدەبووم."
ترەمپ سەرسامیی خۆی بە خێرایی پڕۆسەکە دەربڕی و گوتی: "پێشبینیمان دەکرد چوار بۆ پێنج هەفتە بخایەنێت بۆ رووخاندنی سەرکردایەتیی ئێران، بەڵام تەنیا چەند کاژێرێکی خایاند و زۆر زووتر بوو لەوەی چاوەڕێمان دەکرد."
رۆژی 28ی شوبات جەنگەکە بە هێرشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد و دواتر ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامیدانەوە. ترەمپ دەڵێت، 49 سەرکردەی ئێرانییان کوشتووە کە دیارترینیان عەلی خامنەیی، رێبەری ئێرانە.