بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 7.4 پلە ئیندۆنیزیای هەژاند

رووداو دیجیتاڵ 

دەستەی رووپێوی جیۆلۆجیی ئەمریکا (USGS) رایگەیاند، بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 7.4 پلە رۆژهەڵاتی وڵاتی ئیندۆنیزیای هەژاندووە. ناوەندێکی چاودێریی نێودەوڵەتیش هۆشداریی لە ئەگەری دروستبوونی شەپۆلی وێرانکەری سونامی داوە.
 
بەپێی زانیارییەکانی USGS، بوومەلەرزەکە کاژێر 6:48ـی بەیانی بە کاتی ناوخۆ (1:48 بەرەبەیان بەکاتی هەولێر) لە ناو قوڵایی دەریای (مۆلۆکا) روویداوە. هەرچەندە لە سەرەتادا هێزەکەی بە 7.8 پلە تۆمار کرابوو، بەڵام دواتر بۆ 7.4 پلە راستکرایەوە.
 
ناوەندی هۆشداریی سونامی لە زەریای هێمن (کە بارەگاکەی لە هاواییە) رایگەیاند، ئەگەری دروستبوونی "شەپۆلی مەترسیداری سونامی" لە ئارادایە. ئەم هۆشدارییە ناوچەکانی دەوروبەری چەقی بوومەلەرزەکە تاوەکو مەودای هەزار کیلۆمەتر (621 میل) دەگرێتەوە.
 
ناوەندەکە ئاشکرای کرد، ئەگەری هەیە ئەم شەپۆلانە بگەنە کەناراوەکانی فلیپین و مالیزیا. داوا لە دانیشتووانی ناوچە کەناراوەکانی ئەم وڵاتانە کراوە وریایی و ئامادەکاریی تەواو بکەن بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو.
 
تاوەکو ئێستا هیچ راپۆرتێکی فەرمی لە سەر زیانە گیانی و مادییەکانی ناو شارەکانی ئیندۆنیزیا بڵاونەکراوەتەوە.