کەشتیی کام وڵاتانە زۆرترین زیانیان بەهۆی قەیرانی هورمزەوە پێگەیشتووە؟
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی ئامارەکانی بلومبێرگ و رێکخراوەکانی هاتووچۆی دەریایی، کۆمپانیاکانی کەشتیوانیی یۆنان، ئیمارات و چین زۆرترین زیانیان بەهۆی داخستنی تەنگەی هورمزەوە بەرکەوتووە. لە دوای دەستپێکردنی جەنگ لە 28 شوبات، ئێستا نزیکەی 670 کەشتیی بارهەڵگر لە رۆژئاوای تەنگەی هورمز پەیام دەنێرن و چاوەڕێی دەربازبوونن.
لیستی ئەو وڵاتانەی زۆرترین کەشتییان لە ناوچەکەدا پەکیان کەوتووە:
ئیمارات: 120 کەشتیی بارهەڵگر، کە دەکاتە 18%ی کۆی ئەو کەشتییانەی لە ناوچەکەدا گیریان خواردووە
یۆنان: لانیکەم 75 کەشتی، کە 30 دانەیان تانکەری نەوت و گازن
چین: 74 کەشتی، کە 25 دانەیان گوێزەرەوەی نەوت و گازن و ئەوانی دیکە کەشتیی کۆنتێنەرن
ژاپۆن و هۆنگ کۆنگ: ژاپۆن 39 کەشتی و هۆنگ کۆنگ 25 کەشتییان لە ناوچەکەدا هەیە
هیندستان: 24 کەشتی گوێزەرەوەی نەوت و گازی لە ناوچەکەدا گیریان خواردووە
وڵاتانی دیکەی ئاسیا: سینگاپوور 29 کەشتی، کۆریای باشوور 22 کەشتی، و ڤێتنام 3 کەشتیی گەورەی گازیان هەیە
کەشتییە گەورەکانی گوێزەرەوەی نەوت (VLCC)
نزیکەی 50 کەشتی گەورەی نەوتی خاو و 11 تانکەری زەبەلاحی گاز لە ناوچەکەدا گیریانخواردووە. کۆریای باشوور بە 7 کەشتی، چین و ژاپۆن هەر یەکەیان بە شەش کەشتی و یۆنان بە پێنج کەشتی، پشکی شێریان لەم کەشتیانە بەرکەوتووە.
کەشتییە پێکراوەکان:
سەدان کەشتی بەهۆی بەرزبوونەوەی تێچووی بیمە (دڵنیایی) و مەترسیی سەر ژیانی کارمەندەکانیان، چاوەڕێی کۆتاییهاتنی جەنگ دەکەن. بەپێی ئامارەکانی ئاژانسی UKMTO، لە دەستپێکی جەنگەکەوە هێرشکراوەتە سەر 24 کەشتی و نیوەی ئەو کەشتییانەی لە ناوچەکەدا هێرشیان کراوەتە سەر یان رووبەڕووی چالاکیی گوماناوی بوونەتەوە، پەیوەندییان بە ئەمریکا یان وڵاتانی ئەورووپاوە هەبووە.
جێی ئاماژەیە، تاران سیستمێکی "پشکنین"ی داناوە و تەنیا رێگە بە تێپەڕبوونی ئەو کەشتییانە دەدات کە سەر بە وڵاتانی دۆستن، لە کاتێکدا هاتوچۆی کەشتییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بە تەواوی قەدەخە کردووە.