پووتین و بن سەلمان: هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران بە خێرایی چڕبکرێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا جەختیان لە پێویستی راگرتنی خێرای جەنگەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کردەوە. هەردوولا داوایان کرد هەوڵە سیاسی و دیپلۆماسییەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی درێژخایەن بۆ جەنگی ئێران چڕبکرێنەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 2ی نیسانی 2026، کرێملین لە راگەیێندراوێکدا نێوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە پووتین و بن سەلمان باسیان لە "کێشەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی وزە کردووە کە بەهۆی قەیرانەکەوە دروست بوون و کاریگەریی نەرێنییان لەسەر ئاسایشی وزەی جیهانی داناوە."
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامیدانەوە. وەکو بەشێک لە وەڵامەکەشی لە رۆژی دووەمی جەنگەوە، ئێران تەنگەی هورمزی داخستووە کە پێش جەنگ رۆژانە 20٪ی کۆی بەرهەمی رۆژانەی نەوتی پێدا هەناردەدەکرا.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکەدا، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی کارکردنی هاوبەشی نێوان رووسیا و سعوودیە لە چوارچێوەی "ئۆپێک پڵەس" کردەوە بۆ پاراستنی سەقامگیریی بازاڕی نەوتی جیهانی. ئەم پەیوەندییە لە کاتێکدایە کە پووتین هەوڵدەدات هاوبەشییەکانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەهێزتر بکات، دوای ئەوەی بەهۆی جەنگی ئۆکرایناوە لە لایەن رۆژئاواوە رووبەڕووی گۆشەگیری بووەتەوە.
ئەم پەرەسەندنە دیپلۆماسییە دوای ئەوە دێت کە ئۆکراینا رێککەوتنێکی بۆ دابینکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی لەگەڵ سعوودیە واژۆ کردووە، تاوەکو هاوکاری ریاز بکات لە بەرپەرچدانەوەی ئەو درۆنە ئێرانییانەی کە هاوشێوەی ئەو درۆنانەن رووسیا لە جەنگی ئۆکراینادا بەکاریان دەهێنێت.
هاوکات، نرخەکانی نەوت رۆژی پێنجشەممە بەرزبوونەوەی زیاتریان بەخۆیەوە بینی، ئەمەش دوای ئەوەی دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی وەشاندنی گورزی قورستری لە ئێران کرد، کە بەو هۆیەوە هیوای هێوربوونەوەی بارودۆخەکە کەمبووەتەوە.