نەمسا داواکاریى ئەمریکاى بۆ بەکارهێنانى ئاسمانی وڵاتەکەى رەتکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
نەمسا بە فەرمی داواکارییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بۆ بەکارهێنانی ئاسمانی وڵاتەکەی بۆ مەبەستی سەربازی رەتکردەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 2ی نیسانی 2026،گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی نەمسا رایگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی ئێرانەوە، نەمسا هەموو ئەو داواکارییانەی ئەمریکای رەتکردووەتەوە کە پەیوەندییان بە فڕینی فڕۆکە سەربازییەکانەوە هەبووە بەسەر خاکی وڵاتەکەیدا.
کۆلۆنێڵ مایکڵ باوەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی نەمسا گوتی: "داواکاری هەبووە و لە سەرەتاوە رەتکراونەتەوە." باوەر روونیکردەوە کە هەر کاتێک داواکارییەکی لەو شێوەیە پەیوەندی بە وڵاتێکی نێو جەنگەوە هەبێت رەتدەکرێتەوە.
نەمسا لە ساڵی 1955ـەوە وەک وڵاتێکی بێلایەن ناسراوە و لە باکوور، باشوور و رۆژهەڵاتەوە لەلایەن وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ دەورە دراوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشتر رەخنەی تووندی لەو وڵاتە ئەورووپییانە گرتبوو کە هاوپەیمانی ناتۆن، وەک فەرەنسا و ئیسپانیا، چونکە رێگەیان نەدابوو ئاسمانی وڵاتەکەیان بۆ جەنگی دژی ئێران بەکاربهێنرێت.
لە ناوەڕاستی مانگی ئاداریشدا، سویسرا بە هەمان شێوە بێلایەنى خۆی راگەیاند و بە بەکارهێنانی ئاسمانی وڵاتەکەی رەتکردەوە.
ترەمپ لە چەند رۆژی رابردوودا بێ ئومێدیی خۆی لە هاوپەیمانەکانی ناتۆ و وڵاتانی ئەورووپا دەربڕی و هەڕەشەی گۆڕینی مۆدێلی هاوکارییەکان و کشانەوەی هێزەکانی لە ئەڵمانیا کردبوو.
واشنتن و تەلئەڤیڤ لە کاتێکدا سەرقاڵی راماڵینی پێگە سەربازییەکانی تارانن، بەڵام رووبەڕووی کۆسپی دیپلۆماسی بوونەتەوە لە دڵی ئەورووپادا.