رووداو بۆ 'ئۆسکاری ئینتەرنێت' بەربژێرە


رووداو دیجیتاڵ 

تۆڕی میدیایی رووداو بە بەڵگەفیلمی "سێ ساڵ شەڕ" جارێکی دیکە بەربژێرە بۆ بردنەوەی دوو خەڵاتی نێودەوڵەتیی وێبی 2026، کە بە "ئۆسکاری ئینتەرنێت" ناسراوە.
 
رووداو، لەم کێبڕکێیەدا لەگەڵ دامەزراوە میدیاییە بەنێوبانگەکانی جیهان وەک ABC News، CBC News، NBC News و Al Jazeera English کێبڕکێ دەکات.
 
بەڵگەفیلمی "سێ ساڵ شەڕ" لە بەشی "هەواڵ و سیاسەت"دا بەربژێرە. لەم بەرهەمەدا، دڵنیا رەحمان و ئەحمەد عومەر، رۆژنامەڤانانی رووداو، دەچنەوە بەرەکانی جەنگی ئۆکراینا و رووسیا و چیرۆکی خەڵکی ئاوارە و وێرانکارییەکانی جەنگ دەگێڕنەوە.
 
نیک بۆرنشتاین، بەڕێوەبەری گشتیی خەڵاتی وێبی، لە پەیامێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو پیرۆزبایی خۆی رایگەیاند و دەڵێت: "پیرۆزە! کارەکەتان وەک یەکێک لە باشترینەکانی پۆلەکەی خۆی لەنێو 13 هەزار بەرهەم هەڵبژێردراوە."
 
دڵنیا رەحمان پرۆدیوسەری بەڵگەفیلمی "3 ساڵ لە شەڕ"ە، ئەحمەد عومەر، وێنەگر و دەرهێنەری بەڵگەفیلمەکەیە و بڕوا عومەر مۆنتاژی کردووە.
 
خەڵاتی وێبی لە ساڵی 1996 دامەزراوە، بەرزترین رێزلێنانە لە بواری داهێنانی دیجیتاڵیدا. براوەکان لەلایەن ئەکادیمیای نێودەوڵەتیی هونەر و زانستە دیجیتاڵییەکان و دەنگی خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێن. بی بی سی وەکو یەکێک لە بەنێوبانگترین خەڵاتەکانی جیهان باسی وێبی دەکات. نیویۆرک تایمزیش وەک بەرزترین رێزلێنان لە چوارچێوەی بەرهەمەکانی نێو ئینتەرنێت دایدەنێت.
 
ساڵان، کۆمپانیا و میدیا جیهانییەکان و کەسایەتییە ناودارەکان بۆ بردنەوەی خەڵاتی وێبی دەکەونە کێبڕکێ. بۆ نموونە، لە ساڵی 2025، سی ئێن ئێن، بی بی سی، رۆیتەرز، نیویۆرک تایمز، نێتفلێکس، دیزنی، ئەمازۆن، مارڤڵ، گووگڵ، ئەپڵ، سامسۆنگ و سپۆتیفای لەنێو براوەکانی خەڵاتەکەدا بوون.
 
تۆڕی میدیایی رووداو لە ساڵی 2024 بووە یەکەم دامەزراوەی میدیایی لە هەرێمی کوردستان و عێراق کە خەڵاتی وێبی بەدەستهێنا، هەروەها دووەم دامەزراوە بوو لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.