ناوخۆی ئەڵمانیا بۆ رووداو: شەڕی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گۆڕانکاری لە هاتنی کۆچبەران نەکردووە


رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژێکی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا بە رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا شەڕی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کاریگەریی لەسەر ژمارەی کۆچبەران نەبووە و هیچ گۆڕانکارییەک لە شەپۆلی کۆچکردن بەرەو ئەو وڵاتە بەدی ناکرێت. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 2ـی نیسانی 2026، وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا دوایین داتای ئەو کۆچبەرانەی بۆ رووداو ئاشکراکرد داوای مافی پەنابەرییان لەو وڵاتە کردووە و رایگەیاند، لە کۆتایی شوباتی 2026دا، 15 هەزار و 125 کۆچبەر بووە.
 
وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا سەبارەت بە کاریگەریی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست وەڵامی تۆڕی میدیایی رووداوی دایەوە و گوتی: "بەراورد بە مانگەکانی رابردوو، بەهۆی ئەو شەڕەوە هیچ گۆڕانکارییەک لە دۆخی کۆچبەران و پەنابەران دا بەدی ناکرێت".
 
34 رۆژە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران بەردەوامە. جەنگەکە بە هێرشکردنە سەر تاران دەستیپێکرد و ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامیدانەوە. 
 
پێشتر مستەفا چیفتچی، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لەوکاتەوەی جەنگ دەستیپێکردووە، ئاماری چوونی هاووڵاتییانی ئێرانی بۆ تورکیا نزیكەی 33٪ کەمی کردووە، چونکە تاران رێگری لە چوونە دەرەوەیان دەکات.
 
دەقی پرسیار و وەڵام:
 
رووداو: ئایا بە بۆچوونی ئێوە شەڕی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کاریگەریی لەسەر ژمارەی کۆچبەران و پەنابەران هەبووە؟
 
وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا: بەراورد بە مانگەکانی رابردووی ئەم ساڵ، سەرەڕای دۆخی شەڕ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، تاوەکو ئێستا هیچ گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە ژمارەی هاتنی کۆچبەران دا بەدی نەکراوە. سەبارەت بە هاتنی پەنابەرانیش، تائێستا کاریگەریی ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەسەر شەپۆلی کۆچکردن بۆ ئەڵمانیا بەدی ناکرێت. لە ساڵی 2026دا تاوەکو کۆتایی مانگی شوبات، 15 هەزار و 125 داواکاریی نوێی پەنابەری تۆمارکراون."