ژمارەی موسڵمانان لە ئەڵمانیا زیادیکردووە و ئایین بۆ تێکەڵبوونیان بە کۆمەڵگە ئاستەنگ نییە

 
رووداو دیجیتاڵ

لێکۆڵینەوەیەکی نوێ دەریدەخات، ژمارەی موسڵمانان لە ئەڵمانیا بەشێوەیەکی بەرچاو لە ساڵی 2015وە زیادیکردووە. راستە ژمارەیەکیان لە دۆزینەوەی کاردا رووبەڕووی ئاڵنگاری بوونەتەوە، بەڵام بەگشتی ئایین ئاستەنگی بۆ تێکەڵبوونیان دروستنەکردووە.
 
بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی ئۆفیسی فیدراڵیی ئەڵمانیا بۆ کۆچ و پەنابەران، 5,3 بۆ 5,6 ملیۆن موسڵمان لە ئەڵمانیا دەژین و بەو جۆرەش بێت لە ساڵی 2015وە ژمارەیان نزیکەی 900 هەزار کەس زیادیکردووە. موسڵمانان رێژەی 6,4 بۆ 6,7%ی دانیشتووانی ئەڵمانیا پێکدەهێنن.
 
لێکۆڵینەوەکە دەریدەخات، زۆربەی موسڵمانانی ئەڵمانیا بە رەچەڵەک خەڵکی تورکیان و زۆربەی پەنابەرانی موسڵمانی نیشتەجێی ئەو وڵاتەش کە لەدوای ساڵی 2015وە چوونەتە ئەو وڵاتە، خەڵکی سووریا و عێراقن.
 
ئەو لێکۆڵینەوەیە لە ساڵانی 2019 و 2020دا کراوە و تێیدا بەراوردێک کراوە لەنێوان پەنابەرانی موسڵمان و پەنابەرانی کریستیان، لەگەڵ ئەوانەی هیچ ئینتیمایەکی ئاینییان نییە و تێیدا دەردەکەوێت، زۆرکات ئایین فاکتەرێکی یەکلاییکەرەوە نییە لای ئاراستە جیاوازەکان بۆ تێکەڵبوونیان لەو کۆمەڵگەیە. بۆ نموونە، 15,8% پەنابەرانی موسڵمان و 17,5% کریستیانەکان خوێندنیان تەواونەکردووە، بەگشتی پەنابەرانیش 15،3%ی خوێندنیان تەواونەکردووە، ئەمەش دەریدەخات موسڵمانان زۆر جیاواز نین لەگەڵ پەنابەرانی دیکەدا.
 
هەندێک لە پەنابەرە موسڵمانەکان و ئەوانەی موسڵمانیش نین، بەپێی لێکۆڵینەوەکە، رووبەڕووی ئاڵنگاری دەبنەوە، کە ئەڵمانییەکان رووبەڕوویان نابنەوە، وەکو دەستکەوتنی کار. ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەش دەریدەخات، زۆربەی موسڵمانان لەگەڵ کۆمەڵگەی ئەڵمانی تێکەڵن.
 
هەروەها لێکۆڵینەوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە،  70%ی ژنانی موسڵمان باڵاپۆش نین و دابەشبوونیشیان لەو بوارەدا لەسەر بنچینەی تەمەن بەم جۆرەیە: 62%ی ئەوانەی تەمەنیان 65 ساڵی تێپەڕاندووە باڵاپۆشن، لەکاتێکدا ئەوانەی تەمەنیان لەنێوان 16 بۆ 28 ساڵاندایە، تەنیا 26%یان باڵاپۆشن.