ئیسرائیل دەڵێت، مووشەکێکیان خستووەتە خوارەوە کە لە یەمەنەوە ئاراستە کرابوو
رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل رایدەگەیێنێت، مووشەکێکیان خستووەتە خوارەوە کە لە یەمەنەوە ئاراستە کرابوو.
رۆژی هەینی، دووی ئایاری 2025، سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "دوای ئەوەی زەنگی ئاگادارکردنەوە لە چەند ناوچەیەکی ئیسرائیل لێدرا، مووشەکێک کە لە یەمەنەوە ئاراستە کرابوو، پێش ئەوەی بگاتە نێو خاکی ئیسرائیل خرایە خوارەوە."
بەگوتەی سوپای ئیسرائیل، مووشەکەکە کاژێر 05:30 خولەکی بەیانی خراوەتە خوارەوە.
چەند کاژێرێک دوای ئاراستەکردنی مووشەکەکە، یەحیا سەریع، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی یەمەن لە راگەیێندراوێکدا بەرپرسیاریەتیی حووسییەکانی لە هێرشەکە راگەیاند.
حووسییەکان لە کۆتایی ساڵی 2023 دەستیان بە هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی دەریای سوور کرد، ئەوەش بە گوتەی خۆیان، وەک پشتیوانییەک بۆ غەززە کە لە ژێر هێرشەکانی ئیسرائیلدا وێران بووە و زیاتر لە 52 هەزار کەس لە سەرەتای جەنگەوە لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە کوژراون.
هێرشی حووسییەکان بوونەتە رێگر لە بەردەم تێپەڕبوونی کەشتییەکان بە کەناڵی سوێسدا، کە رێڕەوێکی گرنگی بازرگانییە و لە دۆخێکی ئاساییدا نزیکەی 12%ـی هاتووچۆی کەشتییەکانی جیهان بەو کەناڵەدا دەکرێت، ئەمەش زۆر کۆمپانیای ناچار کردووە بۆ گواستنەوەی کاڵاکانیان، بە تێچووی یەکجار زۆرەوە، رێگەی دوورتر بگرنەبەر.
هێزەکانی ئەمریکا لە 15ـی ئادارەوە بە شێوەیەکی نیمچە رۆژانە هێرشیان کردووەتە سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حووسییەکان، ئەوەش بە گوتەی خۆیان، هەوڵێکە بۆ ئەوەی گرووپە یەمەنییەکە ناچار بکەن دەست لە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل و کەشتییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن هەڵگرێت.
سەرەڕای هێرشەکان، حووسییەکان، کە بەشێکی زۆری یەمەنیان کۆنترۆڵ کردووە، لە هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان بۆ سەر ئیسرائیل و کەشتییەکان بەردەوام بوون.
رۆژی 29ـی مانگی رابردوو، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا- پێنتاگۆن لە راگەیێندراوێکدا گوتی، لە نێوەڕاستی مانگی ئادارەوە زیاتر لە هەزار ئامانجیان لە یەمەن پێکاوە.