یەکێتیی ئەورووپا کۆمپانیای تیکتۆک بە 600 ملیۆن دۆلار سزا دەدات
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی پاراستنی داتای یەکێتیی ئەورووپا دەڵێت، کۆمپانیای تیکتۆکیان بە 600 ملیۆن دۆلار سزا داوە، ئەوەش بەهۆی ناردنی زانیاریی کەسیی بەکارهێنەرانی تیکتۆک بۆ چین و شکستهێنان لە پاراستنی ئەو داتایانە. بەرپرسانی کۆمپانیاکەش ئەو تۆمەتانە رەتدەکەنەوە.
رۆژی هەینی 2ی ئایاری 2025 کۆمیسیۆنی پاراستنی داتای یەکێتیی ئەورووپا بڵاویکردەوە، بەهۆی گواستنەوەی داتای بەکارهێنەرە ئەورووپییەکان بۆ بەرپرسانی چین، کۆمپانیای تیکتۆکیان بە 600 ملیۆن دۆلار سزاداوە کە 45 ملیۆن یۆرۆی بەهۆی شکستهێنان بووە لە نەبوونی شەفافیەت لە چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ زانیاریی کەسیی بەکارهێنەرانی تیکتۆک لە ئەورووپا بۆ ساڵانی 2020 و 2022.
کۆمیسیۆنی پاراستنی داتای یەکێتیی ئەورووپا دەشڵێت، ئەگەر تاوەکو 6 مانگی دیکە بەڵگەی پێویست نەخەنەڕوو کە بەگوێرەی یاساکان کاریان لەگەڵ داتاکان کردووە، ئەوا هەموو گواستنەوەی دارایی کۆمپانیاکە بۆ و لە چینەوە رادەگرن.
گراهام دۆلی، جێگری کۆمیسیاری کۆمیسیۆنی پاراستنی داتای یەکێتیی ئەورووپا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "تیکتۆک شکستی هێناوە لە پشتڕاستکردنەوە، گەرەنتیکردن و پیشاندانی ئەوەی کە زانیاری کەسی بەکارهێنەر (بەکارهێنەرە ئەورووپییەکان) کە دەست کارمەندانی حکومەتی چین کەوتووە، بە گوێرەی یاسای یەکێتیی ئەورووپا پارێزراوە"؛ دەشڵێت: "تیکتۆک شکستی هێناوە لە مامەڵەکردن لەگەڵ مەترسی ئەوەی کە بەرپرسانی چین بتوانن دەستیان بە زانیاری کەسی بەکارهێنەرە ئەورووپییەکان بگات".
کریستین گران، بەرپرسی کۆمپانیای تیکتۆک لە ئەورووپا رایگەیاند: "(تیکتۆک) هەرگیز زانیاری کەسی بەکارهێنەرە ئەورووپییەکانی بەوان (بەرپرسانی چین) نەداوە"؛ دەشڵێت: "ناڕازین لە بڕیارەکە و بەنیازین تانەی لێبدەین".
کۆمپانیای تیکتۆک لەلایەن گرووپی کۆمپانیاکانی بایتیدانسی چینیەوە خاوەنداریەتی دەکرێت، بارەگای ئەورووپای کۆمپانیاکە لە ئێرلەندایە. کۆمپانیاکە 1.5 ملیار بەکارهێنەری لە جیهاندا هەیە.
ئەمە دووەم جارە تیکتۆک بەم بڕە زۆرە لەلایەن یەکێتیی ئەورووپاوە سزابدرێت. ساڵی 2023ش بەهۆی پێشێلکردنی یاسای یەکێتیی ئەورووپا بۆ پاراستنی زانیاری کەسی تایبەت بە منداڵان کۆمپانیاکە بە 390 ملیۆن دۆلار سزادرا.
کۆمپانیای تیکتۆک لەلایەن بەشێک لە وڵاتانی رۆژئاواوە بە مەترسی دادەندرێت و بە خزمەتکردنی بەرژەوەندی چین تۆمەتباری دەکەن. ساڵی 2024، کۆنگرێسی ئەمریکا بە پڕۆژەیاسایەک دوو رێگەی بۆ کۆمپانیاکە دانا: فرۆشتنی بە کۆمپانیایەکی ئەمریکی یان قەدەخەکردنی لە ئەمریکا، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دووجار دوایین وادەی بۆ جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیاسایە درێژکردووەتەوە. ئەمەی ئێستا 19ی حوزەیرانی ئەم ساڵ تەواو دەبێت.